رووداو دیجیتاڵ
دوای 24 ساڵ دوورکەوتنەوە لە بردنەوەی نازناوی مۆندیال، هەنگاوەکانی بەرازیل بۆ زیادکردنی ئەستێرەی شەشەم لەسەر درێسەکەیان دەستپێدەکەن، کاتێک لە یەکەم دەرکەوتنیاندا لە مۆندیالدا بەرامبەر مەغریب یاریی دەکەن.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، کاژێر 01:00 بەرازیل یەکەم یاریی خۆی لە مۆندیالدا ئەنجامدەدات و لە یارییەکی لووتکە و سەرنجڕاکێشدا بەرامبەر هەڵبژاردەی مەغریب یاریی دەکات.
نەیمار داسیلڤا، بۆ یارییەکە ئامادەنییە و بەهۆی ئەو پێکانەی تووشی بووە بەشداری لە یارییەکەدا ناکات، هەرچەند کاتی گەڕانەوەی بەتەواوی دیارنییە، بەڵام بەشێک لە راپۆرتەکان دەڵێن، ئەو یاریزانە ناتوانێت لە قۆناخی یەکەمدا یاریی بکات.
سامبا بۆ ئەوەی جارێکی دیکە، گەورەیی خۆی بگەڕێنێتەوە، بۆ ئەوەی ببێتەوە ئەو تیپە رکابەرەی هەمووان لێی دەترسان، بۆ ئەوەی هەنگاو بەرەو بردنەوەی نازناوی شەشەم بنێت، گرێبەستی لەگەڵ یەکێک لە دیاترین راهێنەرەکانی تۆپی پێی جیهان واژۆکردووە، کە کارلۆ ئەنچێلۆتیی ئیتاڵی و خاوەنی 5 نازناوی چامپیۆنزلیگە و ئەمجارە دەیەوێت لەسەر ئاستی هەڵبژاردەکان دەستکەوتێکی مێژوویی بۆ سیلیساو بباتەوە.
یارییەکە لە یاریگای مێتلایف لە نیوجێرسی بەڕێوەدەچێت، 82 هەزار و 500 هاندەر دەتوانن لەو یاریگایەدا سەیری یارییەکان بکەن، بەڵام ملیۆنان هاندەر لەسەر ئاستی جیهان چاوەڕێن، بۆ ئەوەی یەکەم سەمای سامبا لە مۆندیالدا ببینن.
هەڵبژاردەی مەغریب، بەسەرکردایەتیی ئەشرەف حەکیمی، بۆ یەکەم دەرکەوتنی لە مۆندیالدا ئامادەیە و دەیەوێت جارێکی دیکە بە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش توانای خۆی بەرامبەر بەرازیل بۆ هەموو جیهان دووپاتبکاتەوە.
هەڵبژاردەکە رۆژی هەینی دوایین ئامادەکارییەکانی بۆ یاریی لووتکەی بەرامبەر بەرازیل ئەنجامدا و بۆ رکابەرییەکی سەرنجڕاکێش ئامادەیە.
مەغریب لە چەند ساڵی رابردوودا، تیپێکی بەهێز و سەرنجڕاکێشی هەبووە و خاوەنی چەندین ئەستێرەی دیاری وەکو حەکیمی، براهیم دیاز، یاسین بۆنۆ، عیزەدین ئوناخی و ئەیوب کەعبییە.
لە مۆندیالی رابردوودا مەغریبییەکان وەکو یەکەم هەڵبژاردەی ئەفریقا گەیشتنە قۆناخی پێشکۆتایی و دەیانەوێت لەم مۆندیالەشدا ئەنجامی ئەرێنی و دڵخۆشکەریان هەبێت.
راهێنەری هەڵبژاردەی محەممەد وەهبییە، ئەو راهێنەرەی هەڵبژاردەی خوار 20 ساڵانی مەغریبی کردە پاڵەوانی جیهان، کاتێک لە یاریی کۆتاییدا لە ئەرجەنتینیان بردەوە.
مەغریب دوو یاریی بەرامبەر بەرازیل کردووە، لە مۆندیالی 1998 بە 3-0 بەو هەڵبژاردەیە دۆڕا، لە یارییەکی دۆستانەشدا کە لە 2023 لە تونس ئەنجامدرا، مەغریب بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەدەستهێنا.




