رووداو دیجیتاڵ
نەیمار داسێلڤای ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەرازیل، رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە، بەهۆی دەرکەوتنی لە یاریی هەڵبژاردەکەی بەرامبەر مەغریب بە ژمارەیەکی زۆری ئێکسسواراتەوە.
نەیمار لەسەر کورسیی یەدەگی سیلساو بوو لەو یارییەدا کە بەگۆڵێک لەگەڵ مەغریب یەکسانبوو، لە یەکەم یاریی هەردوو هەڵبژاردە لە مۆندیال.
دەرکەوتنی نەیمار، هەرایەکی زۆری نایەوە پاشئەوەی بە ژمارەیەکی زۆری بازن و گوارە و ملوانکەی زێڕەوە دەرکەوت، لە کاتێکدا کڵاوێکی لەسەر کردبوو.
شرۆڤەکارانی بەرازیل، رۆژنامەنووسان و ژمارەیەکی زۆری هاندەرانیش، رەخنەی زۆریان لێگرت و بەنەشیاو کارەکەی ئەویان ناوبرد.
نەیمار بەهۆی پێکانەوە نەیتوانی بەشداریی یارییەکە بکات و وادەی گەڕانەوەی بۆ یاریگاکان دیار نییە.
رۆژنامەی 'سپۆرت'ی ئیسپانی دەڵێ، مانولۆ لوما، کە کۆمێنتارێکی بەناوبانگە گوتوویەتی، "شیاو نییە نەیمار لەسەر کورسی یەدەگ دابنیشێت وکاتژمێری گرانبەها و ملوانکەی زێڕی پێوە بێت".
لە کاتێکدا کە ماڵدینی کۆمێنتار گوتوویەتی، "ئەوە دەکرا لەسەر کورسییەکانی ڤی ئای پی نێو یاریگا دابنیشێت، نەک لەسەر کورسیی یەدەگ".
کاتێک کامێراکان سەرنجیان خستە سەر نەیمار، بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە، ئەو بە کۆمەڵێکی زۆر ئێکسسوارات و بازن و موستیلە و گوارەی زێڕەوە دەرکەوت. دەرکەوتنەکەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە.
لە بەرامبەر ئەو رەخنە زۆرانەدا کە لێی گیران، هەندێک بەرگرییان لەو کرد و گوتیان لەبەرئەوەی پێکانی هەیە و بەشداریی یارییەکەی نەکردووە، ئاساییە لەسەر کورسی یەدەگ ئەوە بکات کە خۆی دەیەوێت.
ئەگەرچی دەستەی پزیشکیی هەڵبژاردەی بەرازیل دەڵێن چاکبوونەوەی نەیمار لە پێکانەکەی هەنگاوی باشی بڕیوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە کەی بەتەواوی توانای بەشداریکردن لە یارییەکانی دەبێت.




