رووداو دیجیتاڵ
فلۆرێنسیا پێینیا، پێشکەشکاری کەناڵی Luzu TV، پێش چەند کاژێرێک رایگەیاند کە خۆرخێی باوکی لیۆنێل مێسی کۆچی دوایی کردووە، ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی تووندی ماڵباتی مێسی.
نیکۆلاس ئۆکیاتۆ، خاوەنی کەناڵی Luzu TV، داوای لێبووردن لە مێسی و ماڵباتەکەی کرد و رایگەیاند "دەمەوێت بڵێم ئەوەی کەمێک لەمەوبەر لە پەخشی راستەوخۆی LUZU روویدا، بەتەواوی منی بێزار کردووە، هەروەک چۆن ئێوەی بێزار کردووە. ئەمە گوزارشت لە من و ئەو کارە ناکات کە ئێمە لە رێگەی کارەکانمانەوە هەوڵی بۆ دەدەین. هەڵوێستی من بەرامبەر بەوەی روویدا تووند و روونە. دەبێت پێداچوونەوەیەکی ناوخۆیی بکرێت و سزایەکی تووند بسەپێنرێت، چونکە ئەوەی روویدا هەڵەیەکی قبوڵنەکراو بوو بەپێی شێوازی پەیوەندیکردنی ئێمە".
دواتر فلۆرێنسیا پێینیا بە گریانەوە داوای لێبووردنی کرد و رایگەیاند "هەست بەشەرمەزارییەکی زۆر دەکەم. ئەمە یەکەمجارە شتێکی وەهام بەسەربێت. سەرەتا داوای لێبووردنێکی راستگۆیانە و بێسنوور دەکەم. من لە پەخشی راستەوخۆدا بووم کاتێک لەڕێگەی هێدفۆنی گوێمەوە ئەو هەواڵەیان پێدام، کە هەواڵێکە تەنانەت نامەوێت دووبارەی بکەمەوە. داوایان لێکردم بیڵێم، منیش لە بارودۆخی شۆکدا بووم. مۆبایل یان کۆمپیوتەرم لەلا نەبوو تاوەکو خۆم پشتڕاستی بکەمەوە، هەمووانیش دەتوانن دڵنیابن لەوە".
ئەو خانمە بەگریانەوە گوتیشی "تیمی بەرهەمهێنان پێیانگوتم کە ئەم بابەتە ئێستا روویداوە، منیش وەک ئەوەی پێمگەیشت گواستمەوە. هەر لەو ساتەی کە باسم کرد، گەڕانەوە و پێیان گوتم: بوەستە، وادیارە هەواڵەکە پشتڕاست نەکراوەتەوە".
ئەو زیاتر گوتی "دووبارە بەتووندی داوای لێبووردن دەکەم. پێشتر هەرگیز نەکەوتوومەتە بارودۆخێکی وەها، تاوەکو ئێستاش لەبەر کاریگەرییەکەی دەلەرزم. من تەنیا ئەوەم دەگواستەوە کە لەڕێگەی هێدفۆنەکەوە پێمدەگوترا، بێ ئەوەی راستی رووداوەکە بزانم".
فلۆرێنسیا پێینیا لە بەردەوامی لە قسەکانیدا، گوتی: لەگەڵ نیکۆلاس ئۆکیاتۆ قسەم کردووە و کەناڵەکە راگەیێنراوێکی فەرمی بڵاوکردووەتەوە و باسی سزایان کردووە، بەڵام سزاکە دژی من نییە، بەڵکو پەیوەندی بە تیمی بەرهەمهێنانەوە هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، داوام کردووە کەس رووبەڕووی هیچ رێکارێکی سزادان نەبێتەوە.
دەزانم ئەوەی روویدا زۆر مەترسیدارە و دووبارە داوای لێبووردن دەکەم، بەڵام ئەوەی لەسەر شاشە روویدا دەرەنجامی زانیارییەک بوو کە لە تیمی بەرهەمهێنانەوە پێم گەیشت، دوای ئەوەی وایانزانیبوو راستە بەهۆی بڵاوبوونەوەی فراوانی هەواڵەکە.
ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لەم بابەتە ئێستا لەگەڵ کارگێڕیی کەناڵەکە لە گفتوگۆدان. من نامەوێت کەس کارەکەی لەدەستبدات، بەڵام دەبێت کەسێک بەرپرسیارێتییەکە هەڵبگرێت. من خۆم هاتمە پێش و داوای لێبووردنم کرد و بەرپرسیارێتییەکەم لەبەردەم هەمووان
هەڵگرت.
راگەیێنراوی فەرمی کەناڵی Luzu Tv
ئێمە لە Luzu TV زۆر نیگەرانین و داوای لێبووردن دەکەین بۆ ئەوەی لە پەخشی راستەوخۆی بەرنامەی El Show del Verano روویدا. بۆ کەناڵەکەمان، قبوڵنەکراوە زانیارییەکی هەستیار بەبێ بەدواداچوونی پێویست، پێشوەختە بڵاوبکرێتەوە. لەبەر ئەم هۆکارە، کارگێڕیی Luzu TV بڕیاریدا بە کۆتاییهێنان بە کارکردنی هەموو ئەو بەرپرسانەی کە تێوەگلاون، هەروەها فلۆرێنسیا پێینیا بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی داوە. دووپاتی دەکەینەوە کە پابەندین بە راگەیاندنێکی بەرپرسیارانە، رێزدار و ورد.




