رووداو دیجیتاڵ
تەڵەبە یەکەم سەرکەوتنی لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق تۆمارکرد، دوای ئەوەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە یانەی نەورۆزی بردەوە و سێ خاڵی گرنگی بەدەستهێنا.
لە گەڕی سێیەمی خولەکەدا، لەسەر یاریگەی شەڕار حەیدەر لە شاری بەغدا، هەردوو یانەی تەڵەبە و نەورۆز رووبەڕووی یەکدی بوونەوە. گێمی یەکەمی یارییەکە بە یەکسانبوون و بێ گۆڵ کۆتاییهات، سەرەڕای ئەوەی هەردوو تیپ چەند هەوڵێکیان بۆ هەژاندنی تۆڕی یەکدی دا، بەڵام ئەنجامەکە وەک خۆی مایەوە.
لە گێمی دووەمدا، یانەی تەڵەبە توانی گوشارەکانی بۆ سەر گۆڵی نەورۆز زیاد بکات و لە خولەکی 74ـدا سەیف رەشید توانی تاکە گۆڵی یارییەکە و گۆڵی سەرکەوتن بۆ تیپەکەی تۆمار بکات.
بەم سەرکەوتنە، یانەی تەڵەبە کۆی خاڵەکانی گەیاندە 4 خاڵ و سەرکەوت بۆ پلەی 8ـەمی ریزبەندی، لە بەرامبەردا یانەی نەورۆز بە تەنیا خاڵێک لە پلەی 19ـەمی ریزبەندییەکەیە.
یانەی نەورۆز لە سێ یاریی یەکەمی ئەم وەرزەدا تەنیا یەک خاڵی کۆکردووەتەوە و هێشتا نەیتوانیوە تامی یەکەم سەرکەوتن بکات.



