رووداو دیجیتاڵ
ئەو پەیکەرە زەبەلاحەی بۆ لیۆنێل مێسی، ئەفسانەی ئەرجەنتینی لە هیندستان دروستکرا و لە کاتی سەردانی ئەودا بۆ وڵاتەکە پەردەی لەسەرلابرا، لادەبرێت.
بەرپرسێکی نێوخۆیی لە شاری کالکوتای ویلایەتی بەنگالی رۆژئاوای وڵاتەکە ئاشکرایکردووە، پەیکەرە لادەبرێت، پاشئەوەی دەرکەوت بەهۆی رەشەباوە دەجوڵێت.
ژمارەیەک کرێکار بینران کە بەپەیکەرە 21 مەتر بەرزەکەدا هەڵدەگەڕێن و بەگوریسی ئەستوور لەهەر چوار لاوە دەیبەستنەوە، بۆ ئەوەی جووڵەی کەم ببێتەوە.
پەیکەرە زێڕینەکە، کە وێنای مێسی کردووە لەکاتی بەرزکردنەوەی جامی جیهانیدا و لە میانی گەشتی ئەو ئەفسانەیە بۆ هیندستان لە مانگی دوانزەی ساڵی رابردوودا نمایشکرا، بەبۆچوونی بەرپرسانی شارەکە، مەترسیی دروستکردووە.
شارادوات موجێرجی، ئەندامی ئەنجوومەنی یاسادانانی ویلایەتی بەنگال رایگەیاندووە، پەیکەرەکە چیدی سەلامەت نییە و جێگای مەترسییە.
ئەو ئەندامە، بە میدیاکانی راگەیاندووە، "ئەندازیارانی ویلایەتی بەنگالی رۆژئاوا وایانداناوە کە پەیکەرەکەی ئەفسانە ئەرجەنتینییەکە جێگەی مەترسییە".
ئەو دەڵێ، "سەرنجمان داوە لەگەڵ رەشەبادا، پەیکەرەکە دەلەرێتەوە و ئەوەش ئاماژەیەکی باش نییە".
ئێستا پەیکەرەکە کە لە سەر رێگایەکەی قەرەباڵخی شارەکەیە، هەرچوارلای بە گوریسی ئەستوور بەستراوەتەوە، لەپێناو کەمکردنەوەی لەرینەوە و جووڵەی.
موخیرجی گوتوویەتی وادەی کۆتایی بۆ لابردنی پەیکەرەکە دەستنیشان نەکراوە، روونیکردووەتەوە، "لابردنی هێندە ئاسان نییە وەکئەوەی بیرمان لێدەکردەوە، بەڵام پلانمان هەیە بەزووترین کات لای ببەین".
بەرپرسەکانی ویلایەتە هیندستانییەکە ئاشکرایان نەکردووە، لە دوای لابردنی لە جێگاکەی ئێستای، پەیکەرەکە لە شوێنێکی دیکە دادەنرێتەوە، یان بەیەکجاری لادەبرێت.
مێسی ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی خۆی بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی داهاتوو ئامادە دەکات، ئەگەرچی ئەو یاریزانە بەدەست پێکانێکی سووکەوە دەناڵێنێت.
هیندستان کە ژمارەی دانیشتووانەکەی ملیارێک و 400 ملیۆن کەسە، دڵخوازترین وەرزش تێیدا، کریکیتە، بەڵام لە تۆپی پێدا دۆخی باش نییە و لە دوایین ریزبەندی فیفادا، هەڵبژاردەی جیهان پلەی 142ی لەسەرئاستی جیهان بەدەستهێناوە.
وێڕای ئەوەش، توێژینەوەکان دەڵێن، تۆپی پێ دووەم دڵخوازترین وەرزشە لای هیندییەکان.

