رووداو دیجیتاڵ
لویس ئێنریکێ، راهێنەری یانەی سەرسوڕمانی خۆی پێشاندا بەرامبەر ئەو یارییەی هەردوو یانەی پاریس سانجێرمان و بایرن میونشن لە یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا ئەنجامیاندا و گوتی "هەرگیز یارییەکی لەمشێوەیەم نەبینی".
پاریس سانجێرمان و بایرن میونشن یەکێک لە بەهێزترین و سەرنجڕاکێشترین یارییەکانی چامپیۆنزلیگیان ئەنجامدا و پاریسییەکان یارییەکەیان بە 5-4 یارییەکەیان بردەوە.
لەگەڵ ئەوەی پاریس سانجێرمان یارییەکەی بردەوە، بەڵام سەرکەوتن بۆ یاریی کۆتایی دەکەوێتە یاریی گەڕانەوە.
ئێنریکێ دوای یارییەکە لە لێدوانێکدا گوتی "پێویستە بڵێم، لە بەڕێوەبردنی یارییەکەدا هاوشێوەی یاریزانەکان ماندوو بووم و هەموو بیرکردنەوەم لەسەر یاریگا بوو، هەرگیز لە کاروانی راهێنەرایەتیکردنمدا بە یارییەکی ئاوادا تێنەپەڕیووم، سەرەڕای ئەوەی 15 ساڵە کاری راهێنەرایەتی دەکەم".
بابەتی پەیوەندیدار
لویس ئێنریکێ سوپاسی یاریزانەکان دەکات و دەڵێت "سوپاسی یاریزانان و هاندەران دەکەم، بۆ ئەم یارییە جوانە، یارییەکی ئەفسوناوی و ئیلهامبەخش بوو".
لەبارەی یاریی گەڕانەوە ئێنریێکی گوتی "پێویستە سەرەتا ئارام بین، دوای ئەوە بیر لە یاریی گەڕانەوە بکەینەوە، هەر رووداوێک چیرۆکی تایبەتی خۆی هەیە".
راهێنەری پاریس سانجێرمان دووپاتیدەکاتەوە کە پێشبینی یارییەکی لەمشێوەیەی دەکرد و گوتی "پێشبینی یارییەکی لەمشێوەیە بەهێز و چێژبەخشەم دەکرد کە بینیمان، چونکە ئێمە قسە لەبارەی بایرن میونشن و پاریس سانجێرمانەوە دەکەین، هەردووکیان دەیانەوێت بگەنە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ".
یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ لەنێوان هەردوو یانەی بایرن میونشن و پاریس سانجێرمان رۆژی چوارشەممەی داهاتوو لە ئالیانز ئارێنا بەڕێوەدەچێت و تیپی سەرکەوتوو بۆ یاریی کۆتایی یەکلادەبێتەوە.

