رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆر، لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا هێرش دەکاتە سەر ئاستی ناوبژیوانان و داوای دادپەروەری لە بەڕێوەبردنی یارییەکانی خولی پلەیەکی تورکیادا دەکات.
ئامەدسپۆر لە پەیامەکەیدا نیگەرانی قووڵی خۆی لەبارەی بڕیارەکانی ناوبژیوانان دەربڕیوە و رایگەیاندووە "کاریگەریی هەڵەی ناوبژیوانان لە هەفتەی رابردوودا لەسەر ئەنجامەکانمان لای هەمووان روونە، ئێمە داوای بەڕێوەبردنێکی دادپەروەرانە، و یەکسان دەکەین بۆ هەموو لایەک".
یانە کوردییەکە هۆشداری دەداتە لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەڵێت "چیتر بەرگەی ئەوە ناگرین ماندووبوونی نێو یاریگا و ئارەقەی نێوچەوانی یاریزانەکانمان پشتگوێ بخرێت، دیاریکردنی ناوبژیوانان بۆ یارییە گرنگەکان نەک نیگەرانییەکانی نەرەواندینەوە، بەڵکو دڵەڕاوکێمانی زیاتر کردووە".
بابەتی پەیوەندیدار
لە کۆتایی راگەیێنراوەکەدا، ئامەدسپۆر جەخت دەکاتەوە کە بە وردی چاودێری یارییەکانی داهاتوو دەکەن و داوا دەکات هەموو لایەک بەرپرسیارێتی خۆی هەڵبگرێت بۆ ئەوەی مافی هیچ یانەیەک نەفەوتێت.
ئەم کاردانەوە تووندەی ئامەدسپۆر دوای یارییەکەی بەرامبەر باندرمەسپۆر دێت، کە تێیدا گۆڵێکی یانەکە ئەژمار نەکرا و یاریزانێکیشیان بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، ئەوەش بووە هۆی تێکچوونی ئەنجامی یارییەکە و تووڕەیی هاندەرانی یانەکە.

