رووداو دیجیتاڵ
ئارانشا رۆدریگێز، رۆژنامەنووسی ناوداری ئیسپانی و نزیک لە یانەی ریال مەدرید، نوێترین راپۆرتی سەبارەت بە دۆخی تەندروستی یاریزانە پێکراوەکانی یانە شاهانەکە بڵاوکردەوە و کاتی گەڕانەوەیانی بۆ نێو یاریگەکان دەستنیشان کردووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئارانشا، بارودۆخی پێکانەکان لەنێو پێکهاتەکەی خوزێ مۆرینیۆدا بەم شێوەیەیە:
رۆدریگۆ گۆیس: گەورەترین گورز بەر هێرشبەرە بەرازیلییەکە کەوتووە و پێشبینی دەکرێت تەنیا لە سەرەتای ساڵی 2027 بتوانێت بگەڕێتەوە نێو یاریگەکان.
فێرلاند مێندی: بەرگریکارە فەرەنسییەکە پڕۆسەی چاکبوونەوەی کات دەخایەنێت و لە کۆتایی ساڵی 2026 دەگەڕێتەوە.
ئێدێر میلیتاو: بەرگریکارە بەرازیلییەکە هەنگاوی باشی ناوە و لە مانگی سێپتێمبەر یان ئۆکتۆبەری داهاتوو ئامادە دەبێت.
مارکۆ ئاسێنسیۆ: پێکانی سووکە و لە ناوەڕاستی مانگی سێپتێمبەردا دەگەڕێتەوە نێو پێکهاتەی ریال مەدرید.
تیاگۆ بێتارچ: یاریزانە لاوەکە لە قۆناخی کۆتایی چاکبوونەوەدایە و لە کۆتایی مانگی ئاب یان سەرەتای سێپتێمبەردا دەست بە مەشقەکان دەکاتەوە.
ئۆرێلین چوامینی: باشترین هەواڵ بۆ هاندەرانی مەدرید ئەوەیە کە چوامینی بە تەواوی چاکبووەتەوە و لە گەڕی یەکەمی لالیگا بەرامبەر ئیسپانیۆل ئامادە دەبێت.
ئەم پێکانانە لە کاتێکدان کە ریال مەدرید ئامادەکاری دەکات بۆ وەررزێکی پڕ لە ململانێ و مۆرینیۆ ناچارە لە چەند مانگی یەکەمدا بەبێ چەندین ئەستێرەی سەرەکیی هێڵی بەرگری و هێرشبەرییەکەی یاری بکات.




