رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان، بەشداری لە رکابەرییەکانی سوپەرلیگی تورکیادا دەکات و ئەمڕۆ یەکەم یاریی خۆی لە خولەکەدا ئەنجامدەدات.
ئامەدسپۆر لە گەڕی یەکەمی گەوەرترین خولی تۆپی پێ لە تورکیادا، لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی یانەی ئەرزوورووم سپۆر دەکات، یارییەکە دێربییەکی باکووری کوردستانە و کاژێر 21:30 لە ئامەد بەڕێوەدەچێت.
هەردوو تیپەکە وەرزی رابردوو بەیەکەوە لە خولی پلە یەکی تورکیا خۆیان گەیاندە سوپەرلیگ و لە گەڕی یەکەمی وەرزی نوێدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
یانەی ئامەدسپۆر بۆ وەرزی نوێ گۆڕانکارییەکی گەورەی لە تیپەکەیدا کردووە، بەسنک هاسی، راهێنەری 54 ساڵی ئەلبانی و خاوەنی بڕوانامەی یۆفا لە راهێنەرایەتیکردندا راهێنەرایەتی ئامەدسپۆر دەکات، ئەم راهێنەرە لە زۆر تیپی جیاواز کاریکردووە و دیارترینیان یانەی ئەندەرلێختی بەلجیکییە.
کەسک و سوور بۆ سوپەرلیگ، گرێبەستی زۆری ئەنجامداون، دیارترینیان گواستنەوەی، گیفت ئۆربان، هێرشبەری نایجیری و یانەی هۆفێنهایمی ئەڵمانی، ساموێل بالێتی سویسری و هێرشبەری یانەی ئەنتالیا سپۆر، ئەلبان لافۆنت، گۆڵپارێزی فەرەنسی و یانەی نان، دەیڤد باتێس، بەرگریکاری سکۆتلاندی و یانەی ستاندەر لیگی بەلجیکین.
جگە لەوە گرێبەستی چەند یاریزانێک لە یانەکە نوێکراوەتەوە، ئێمبای دیانێ، دیا سابا، محەممەد یەشل و قەهرەمان دەمیرتاش دیارترین ئەو یاریزانانەن کە لەگەڵ یانەکە بەردەوامن و ئێستا بەهای بازاڕێی یانەی ئامەدسپۆر گەیشتووەتە زیاتر لە 26.8 ملیۆن یۆرۆ.
سەرجەم بلیتەکانی یاریی یەکەمی یانەی ئامەدسپۆر لە سوپەرلیگدا فرۆشراون، چاوەڕواندەکرێت زیاتر لە 30 هەزار هاندەر لە یاریگا ئامادەبن و پاڵپشتیی تیپەکە بکەن.
لەم وەرزەدا یانەی ئامەدسپۆر میوانداریی زۆر یانەی گەورە دەکات، گاڵاتەسەرای، فێنارباخچە، بێشکتاش و ترابزۆن سپۆر، رووبەڕووی یانەکەی باکووری کوردستان دەبنەوە، زۆر ئەستێرەی دیار دەچنە یاریگەی ئامەدسپۆر، لەوانەش محەممەد سەڵاح، ڤیکتۆر ئۆسیمێن، دۆشان ڤلاهۆڤیچ، ئێدێرسۆن، ئەندرێ ئۆنانا و چەندین ئەستێرەی دیکە.



