رووداو دیجیتاڵ
کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل، بەرگری لە یاریزانانی یانەی ریال مەدرید کرد و ئاماژەی بەکێشەکانی یانەکە کردووە.
ئەنچێلۆتی هاوینی رابردوو دەستی لە مەشقدانی یانەی ریال مەدرید هەڵگرت و روویکردە بەرازیل، بۆ مەشقدانی سیلیساو کە خۆی بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی داهاتوو ئامادە دەکات.
ئەنچێلۆتی لەبارەی پێویستیی راهێنەر لە مامەڵەکردن لەگەڵ یاریزانانی ریال مەدرید لە ژووری جلگۆڕیندا دەڵێ، "من هەمیشە وامدەکرد، هەوڵمدەدا پەیوەندیی مرۆیی لەگەڵ یاریزانەکان دروست بکەم، نەک پەیوەندیی راهێنەر و یاریزان، لەبەرئەوەی لە کۆتاییدا ئەوان مرۆڤن، بەرلەوەی یاریزانی تۆپی پێ بن".
ئەو دەڵێ کێشە لە ریال مەدرید پەیوەندی بەنەمانی کەسایەتیی سەرکردە هەیە لەماوەی چەند ساڵی رابردوو. "نەوەی کۆنی تیپەکە پێویستی بەبونیادنانەوە هەیە. ریال مەدرید یاریزانانی گرنگی وەک کاسێمیرۆ، تۆنی کرووس، لوکا مۆدریچ، کەریم بنزیما و ناچۆ فێرناندێزی لەدەستداوە. کەشی ژووری جلگۆڕین بەبوونی ئەو یاریزانانە باش دەبێت کە کەسایەتیی بەهێز و پێشەنگ و سەرکردەیان هەیە".
روونیکردووەتەوە، "ریال مەدرید پێویستی بەکاتە بۆ سەرلەنوێ بونیادنانەوەی ئەوە رۆحەی لە تیپەکەدا هەبوو و بەهۆیەوە ئەو هەموو سەرکەوتنەی بەدەستهێنا".
راهێنەرە ئیتاڵییەکە، بەتەواوی ئەو قسانە رەتدەکاتەوە کە دەڵێن ئەستێرەکانی ریال مەدرید رەتیدەکەنەوە پابەندی پلانە تاکتیکییەکانی راهێنەرانی یانەکە بن.
ئەو دەڵێ، "نەخێر.. نەخێر.. نەخێر، ئەو قسەیە زۆر بێبنەمایە و هیچ راستییەکی تیدا نییە، قسەیەکی زۆر بەتاڵە، بەهیچ شێوەیەک راست نییە".
کارلیتۆ روونیکردووەتەوە، "من خۆم کاتێک بیرۆکەیەکی تاکتیکیم هەبووایە، بەر لە هەر شت، لەگەڵ یاریزانەکان قسەم لەبارەوە دەکرد، بۆ ئەوەی بزانم ئەوان بڕوایان پێیەتی یان نا. ئێمە تەنانەت بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگیش هەمان شتمان دەکرد".
هەروەها دەڵێ، "ئەمە مانای ئەوە نییە ئێمە پلانمان نەبوو، بەپێچەوانەوە، ئێمە ستراتیجێکی بەهێزمان هەبوو، بەبەڵگەی ئەوەی لە ماوەی چوار ساڵدا، دووجار نازناوی چامپیۆنزلیگمان بردەوە. یاریزانەکان زۆر پابەندبوون بە پلانی یارییکردنەوە".
ئەنچێلۆتی دووپاتیکردووەتەوە، قسەکردن لەگەڵ یاریزانان، بنەمایەکی سەرەکیی فەلسەفەی کارکردنی ئەوە وەک راهێنەر و دەڵێ، "قسەکردن لەگەڵ یاریزانان لەبارەی تاکتیکەوە، بەشێکی سەرەکیی کاری راهێنەرایەتیم بووە بەدرێژایی کاروانی کارکردنم.

