رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوت بەڕێژەی 1٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، دوای ئەوەی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بڕیاریان دا کەمتر لەو بڕەی چاوەڕوان دەکرا خستنەڕووی نەوت لە مانگی داهاتوودا زیادبکەن.
بەرهەمهێنەرانی نەوت لە ئۆپێک پڵەس بڕیاریان دا مانگی داهاتوو 137 هەزار بەرمیلی زیاتر بخەنە بازاڕەوە کە کەمترە لەو ئاستانەی چاوەڕوان دەکرا و ئەوەش نرخی نەوتی بەرزکردووەتەوە.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور، ئەمڕۆ 63 سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 65 دۆلار و 13 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسیش 58 سەنت بەرزبووەوە و بە 61 دۆلار و 46 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
تینا تێنگ، شرۆڤەکاری سەربەخۆی بازاڕە داراییەکان دەڵێت، "سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت لە ئەمڕۆدا، بەڵام هێشتا بنەمای بازاڕی نەوت لاوازە و بە ئەگەری زۆرەوە نرخی نەوت لە ئاستە نزمەکانیدا جێگیر دەبێت."
