رووداو دیجیتاڵ
چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بە میدیای ئەمریکییان راگەیاندووە، لەدوای ئاگربەستی ئێران، قەتەر ئەندازیار و کارمەندەکانی وێستگەی رەئس لەفانی ئاگادارکردووەتەوە بۆ دەسیپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی گازی شل.
رەئس لەفان گەورەترین وێستگەی هەناردە و دووەم گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی گازی شلە لە جیهاندا.
وێستگەکە بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی ئێرانەوە، لە سەرەتای مانگی رابردووەوە پەکیکەوتووە. توانای هەناردەی وێستگەکە ساڵانە 77 ملیۆن تۆنە.
ئەو سەرچاوانە کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت رایانگەیاندووە، بەهۆی ئاگربەستەوە بەشێوەیەکی سنووردار کارەکانیان دەستپێکردووەتەوە و ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەی گازی شل دەکرێت.
بابەتی پەیوەندیدار
ئابووری29/04/2026
میرشایمەر: ئێران هەرگیز سازش لەسەر تەنگەى هورمز ناکات
ئابووری29/04/2026
نرخی دۆلار 169 هەزار تمەنی تێپەڕاند
هەروەها ئاماژەیان بەوەدا کە رەنگە لە رۆژانی داهاتوودا بەشێک لە بەرهەمهێنان دەستپێبکاتەوە، بەڵام روون نییە کە بەرهەمهێنان بە چ خێراییەک زیاد دەکات.
گەڕانەوە بۆ ئاستی بەرزی بەرهەمهێنان و هەناردە لە وێستگەکە پێویستی بەوەیە کەشتییەکان بتوانن بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕن، بەڵام تەنانەت دوای ئاگربەستیش، هێشتا هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەکە زۆر سنووردارە.
20٪ـی گازی شل لە جیهاندا لە رەئس لەفان بەرهەمدەهێندرێت. بەهۆی لەکارکەوتنیەوە، توانای هەناردەی گازی قەتەر 17٪ کەمبووەتەوە و بەرپرسانی وڵاتەکە رایانگەیاندووە، ئاساییبوونەوەی تەواوەتی کارەکان لەو وێستگەیە، سێ بۆ پێنج ساڵ دەخایەنێت.
