رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 70 رۆژە جیهان بە دەست لێکەوتەکانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران گیرۆدەیە؛ هێشتا روون نییە لایەنەکان دەگەنە رێککەوتن، یان خولێکی نوێی شەڕ دەستپێدەکاتەوە. ئەوەی لەم نێوەدا جێگەی سەرنجە، ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستانە لە چاو ئێراندا.
لەماوەی ئەم جەنگەدا، هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان بە رێژەی 86٪ و بەرهەمهێنان بە رێژەی 68٪ کەمی کردووە، لە بەرامبەردا هەناردەی ئێران تەنیا 31٪ و بەرهەمهێنانی 48٪ دابەزیوە. لەم روانگەیەوە دەتوانین بڵێین زیانە ئابوورییەکانی جەنگ بۆ سەر سەرچاوەکانی داهاتی عێراق، زۆر گەورەتر بووە و وەک ئەوە وایە جەنگەکە لەگەڵ عێراق بێت نەک ئێران.
بەپێی داتاکانی "کپلەر"، مانگی رابردوو بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی ئێران 2 ملیۆن و 79 هەزار بەرمیل بووە، لەکاتێکدا لە مانگی کانوونی دووەمی 2026 (پێش دەستپێکی جەنگ) رۆژانە 4 ملیۆن و 10 هەزار بەرمیل بووە. لە بەرامبەردا، بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە مانگی نیساندا بۆ 1.35 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە، لەکاتێکدا لە کانوونی دووەمی هەمان ساڵدا 4.52 ملیۆن بەرمیل بووە.
پێش جەنگ، تێکڕای هەناردەی رۆژانەی ئێران 2.2 ملیۆن بەرمیل بووە، بەڵام لە نیسانی 2026دا بۆ 1.52 ملیۆن بەرمیل کەمی کردووە (بەڕێژەی 31٪). لە بەرامبەردا، هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان بە رێژەیەکی چاوەڕواننەکراو و بە بڕی 86٪ دابەزیوە؛ بە شێوەیەک لە مانگی شوباتدا تێکڕای هەناردەی رۆژانە 3.56 ملیۆن بەرمیل بووە، بەڵام لە نیسانی 2026دا گەیشتووەتە نزمترین ئاست، کە تەنیا 300 بۆ 400 هەزار بەرمیلە. ئەو پەککەوتنەی لە ماوەی 40 رۆژی جەنگ و 30 رۆژ ئاگربەستدا بەسەر پیشەسازیی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستاندا هاتووە، زۆر گرانتر لەسەریان کەوتووە لەچاو ئێران دا. ئەمە لە کاتێکدایە جەنگ لەگەڵ ئێرانە، بەڵام هەناردەی عێراق زۆر کەمە و هەناردەی ئێران زۆرترە و زۆرینەی نەوتی هەناردەکراویشیان بۆ چینە.
داتاکانی کپلەر دەریدەخەن، هەناردەی ئێران لە دەیەی رابردوودا قۆناخی جیاوازی بەخۆوە بینیوە، بەڵام ئەو بڕەی لە شوباتی 2026دا هەناردە کراوە (2.2 ملیۆن بەرمیل) لە دوای سەردەمی کۆرۆناوە وێنەی نەبووە. هەرچەندە لە رابردوودا کڕیارەکانی ئێران پێکهاتبوون لە (چین، سووریا، ڤەنزوێلا و هیندستان)، بەڵام لەم جەنگەدا نزیکەی تەواوی هەناردەکەی بۆ چین بووە. بۆ نموونە، لە مانگی ئاداری 2026دا لە کۆی 1.87 ملیۆن بەرمیلی هەناردەکراو، 1.8 ملیۆنی بۆ چین رۆیشتووە و تەنیا 64 هەزار بەرمیلی بۆ وڵاتانی دیکە بووە.

لە رووی بەرهەمهێنانیشەوە، ئێران لە سەرەتای ئەمساڵدا گەیشتەوە هەمان ئەو ئاستەی لە سەردەمی رێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA) لەگەڵ ئەمریکا هەیبوو. بەشێوەیەک؛ لە مانگی کانوونی دووەمی 2026دا، تێکڕای بەرهەمهێنانی رۆژانە لە سەرووی 4 ملیۆن بەرمیل بوو، بەڵام بەهۆی کاریگەرییەکانی جەنگەوە، ئەم بڕە بۆ نزیکەی 2 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە.
بەپێی داتاکانی "کپلەر"، لەنێوان ساڵانی 2015 بۆ 2026، کەمترین ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی ئێران لە قۆناخی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و پاشان لە جەنگەکانی ئەمساڵدا تۆمار کراوە. ئاستی بەرهەمهێنانی هەردوو جۆری نەوتی خاو و کۆندێنسەیت، لە ئاداری 2026دا رۆژانە 3 ملیۆن و 171 هەزار بەرمیل بووە، بەڵام لە مانگی رابردوودا بۆ 2 ملیۆن و 79 هەزار بەرمیل کەمی کردووە؛ ئەمەش بە روونی کاریگەریی گەمارۆکانی ترەمپ و لێکەوتەکانی داخستنی تەنگەی هورمز لەسەر کەرتی وزەی ئێران نیشان دەدات.

بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی عێراق لەماوەی جەنگ
هەرچەندە جەنگەکە لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران بووە و لەگەڵ عێراقدا نەبووە، بەڵام ژێرخانی وزە (نەوت و گاز) لە باشووری عێراق و هەرێمی کوردستان زیانی گەورەی بەرکەوتووە. ئەمەش وایکردووە کۆی بەرهەمهێنان بۆ نزیکەی 1.3 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە دابەزێت؛ لە هەرێمی کوردستانیش ئاستی بەرهەمهێنان دابەزێت بۆ ئەو بڕەی کە بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاردێت، کە نزیکەی 50 هەزار بەرمیلە.
بەپێی داتاکانی "کپلەر"، کۆی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە نیسانی 2026دا دابەزیوە بۆ 1 ملیۆن و 346 هەزار بەرمیل، کە 28 هەزاری "کۆندێنسەیت" و ئەوەی دیکەی نەوتی خاو بووە. ئەم ئاستە تەنانەت لە مانگی دەسپێکی جەنگیش نزمترە، کە 1.58 ملیۆن بەرمیل بووە؛ هۆکاری سەرەکیش بۆ کێشەی گواستنەوە دەگەڕێتەوە، چونکە ژمارەی ئەو کەشتییانەی لە مانگی ئاداری 2026دا بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون، پێنج هێندەی مانگی نیسان بووە؛ لە کاتێکدا لە نیساندا تەنیا 3-4 کەشتی تێپەڕیون.

لە رووی هەناردەکردنی نەوتەوە، بەپێی داتاکانی "کپلەر"، لە مانگی نیساندا کۆی هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەردوو بەندەری جەیھان و بەسرەوە گەیشتووەتە نزیکەی 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە؛ لە بەرامبەردا، "عێراق ئۆیڵ ریپۆرت" ئاماژە بەوە دەکات کە هەناردەی رۆژانە لەو مانگەدا تەنیا 310 هەزار بەرمیل بووە.
هەرچەندە تاوەکو ئێستا کۆمپانیای "سۆمۆ" و وەزارەتی نەوتی عێراق ئامارە فەرمییەکانیان بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام ئاشکرایە بڕی هەناردەکراو زۆر کەمە؛ دەتوانین بڵێین ئاستی هەناردە بە بەراورد بە پێش جەنگ بۆ یەک لەسەر حەوت دابەزیوە. لە مانگی شوباتدا کۆی هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان لە سەرووی 3.56 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بووە، بەڵام وەک لە گرافیکی خوارەوەدا دیارە، ئێستا بۆ خوار نیو ملیۆن بەرمیل دابەزیوە.



