رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رایگەیاند، نرخی نەوت هێشتا رەنگدانەوەی تووندی ئەو قەیرانی خستنەڕووە نییە کە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە دروستبووە. بەڵام دەڵێت، "بەمزووانە رەنگدەداتەوە."
فاتح بیرۆڵ، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە گوتی، نزیکەی 13 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە بەهۆی کاریگەرییەکانی شەڕ و داخستنی تەواوەتیی تەنگەی هورمزەوە راگیراوە.
بیرۆڵ هۆشداریدا کە زیاتر لە 80 دامەزراوەی وزە لە کەنداو لە کاتی رووبەڕووبوونەوەکاندا زیانیان بەرکەوتووە و چاککردنەوەیان رەنگە تاوەکو دوو ساڵ بخایێنێت.
ئاژانسی وزە پچڕانی ئێستای دابینکردنی نەوتی بە گەورەترین پچڕان لە مێژوودا وەسفکرد.
بابەتی پەیوەندیدار
ئابووری29/04/2026
میرشایمەر: ئێران هەرگیز سازش لەسەر تەنگەى هورمز ناکات
ئابووری29/04/2026
نرخی دۆلار 169 هەزار تمەنی تێپەڕاند
فاتح بیرۆڵ گوتی، "نرخی نەوت ئێستا بەرزە، بەڵام رەنگدانەوەی تووندی کێشەکە نییە، بەڵام پێموایە بەمزووانە دەبینین تووندیی قەیرانەکە و نرخەکان لێک نزیک دەبنەوە، ئەمەش بۆ ئابووریی جیهان زۆر هەستیارە."
بەهۆی شەڕی ئێرانەوە نرخی بەر بەرمیلێک نەوت زیاتر لە 60% بەرزبووەتەوە.
مانگی رابردوو، ئەندامانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، وەک ئەمریکا، ژاپۆن و ئەڵمانیا رەزامەندییان لەسەر خستنەڕووی نەوتی کۆگاکراو دەربڕی بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕی نەوت.
