رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای تەکنەلۆژیی سناپ، کە خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی سناپچاتە هەزار کارمەندی دەرکرد و رایگەیاند، ژیریی دەستکرد کارایی کارەکانی زیادکردووە.
ئیڤان سپیگڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە لە یاداشتێکدا کە کۆمپانیاکە بڵاویکردووەتەوە رایگەیاند، ئەم گۆڕانکارییە نزیکەی 16%ی کارمەندە هەمیشەییەکانی کۆمپانیاکە دەگرێتەوە و زیاتر لە 300 پۆستیش هەڵدەوەشێننەوە.
سپیگڵ نووسیویەتی، "پێمانوایە پێشکەوتنە خێراکانی ژیریی دەستکرد، رێگە بە تیمەکانمان دەدات کاری دووبارە کەمبکەنەوە، خێرایی زیاد بکەن و باشتر پشتگیریی کۆمەڵگە، هاوبەش و ریکلامکەرەکانمان بکەن."
ئەو بەڕێوەبەرە دەشڵێت، "پێشوەختە بینیمان کە تیمە بچووکەکان چۆن ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی پێشکەوتنی بەرچاو لە چەندین دەستپێشخەریی گرنگدا بەدەستبهێنن.
بابەتی پەیوەندیدار
ئابووری29/04/2026
میرشایمەر: ئێران هەرگیز سازش لەسەر تەنگەى هورمز ناکات
ئابووری29/04/2026
نرخی دۆلار 169 هەزار تمەنی تێپەڕاند
"
لە یاداشتەکە هاتووە، سناپ چاوەڕێی ئەوە دەکات تاوەکو نیوەی دووەمی ئەم ساڵ زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار لە خەرجییە ساڵانەکانی کەمبکاتەوە و "رێگەیەکی روونتر بۆ قازانجی پوخت" دابمەزرێنێت.
بەم هەنگاوە، کۆمپانیای سناپ دەچێتە پاڵ لیستی ئەو کۆمپانیایانەی دیکە کە کارمەندەکانیان کەمدەکەنەوە و ستایشی زیادبوونی بەرهەمداری دەکەن لە ئەنجامی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەرکردنی کارمەندەکان، نرخی پشکەکانی سناپ زیاتر لە 7.5% بەرزبوونەوە.
پلاتفۆرمی 'لەیئۆفس ئێف وای ئای' کە چاودێریی کەمکردنەوەی کارمەندان دەکات رایگەیاندووە، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 72 هەزار کارمەند لەلایەن نزیکەی 90 کۆمپانیای تەکنەلۆژییەوە دەرکراون.
