رووداو دیجیتاڵ
لە مانگی حوزەیراندا عێراق کەمتر لە 100 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، بەڵام داهاتەکەی نزیکەی 340 ملیۆن دۆلار زیاد بووە.
ئەمڕۆ هەینی 25ی تەممووزی 2025 وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماری کۆتایی هەناردەی نەوت و داهاتە بەدەستهاتووەکەی بۆ مانگی حوزەیرانی رابردوو ئاشکرا کرد و رایگەیاند، داهاتی مانگەکە زیاتر لە 6 ملیار و 698 ملیۆن دۆلار بووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتەکە کە پشتی بە ئاماری کۆتایی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بەستووە، کۆی گشتیی بڕی هەناردەکراوی نەوتی خاو لە مانگی حوزەیراندا گەیشتووەتە 98 ملیۆن و 882 هەزار و 613 بەرمیل.
بەو پێیەش، عێراق رۆژانە 3 ملیۆن و 296 هەزار و 87 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە.
بابەتی پەیوەندیدار
ئابووری25/05/2026
نرخی نەوت بۆ خوار 100 دۆلار دابەزی؛ بازاڕەکان چاوەڕێی رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران دەکەن
ئابووری25/05/2026
بۆچی پارەکانی ئێران سڕکراون؟
بە تێكڕا نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی عێراق لە مانگی رابردوودا 67.74 دۆلار بووە.
ئامارەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە کۆی بڕی هەناردەکراوی نەوتی خاو لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق گەیشتووەتە 97 ملیۆن و 718 هەزار و 994 بەرمیل. هاوکات لە کێڵگەی گەیارەوە 946 هەزار و 741 بەرمیل هەناردە کراوە. بۆ ئوردنیش 216 هەزار و 878 بەرمیل هەناردە کراوە.
ئەمە لەکاتێکدایە لە مانگی ئایاردا عێراق 101 ملیۆن و 630 هەزار و 925 بەرمیل نەوتی هەناردە کردبوو. داهاتەکەشی 6 ملیار و 361 ملیۆن دۆلار بوو.
بەم پێیە، داهاتی نەوتی هەناردەکراوی مانگی حوزەیران، 337 ملیۆن دۆلار زیاتر بووە بەراورد بە مانگی ئایار.
ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر بەپێی داتاکانی سۆمۆ و لە سەروبەندی شەڕی ئێران و ئیسرائیلدا، عێراق نۆ رۆژ نەوتی هەناردە نەکردبوو.
