رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان، کە بە ئەپیکۆر ناسراوە، دەڵێت، پێشوازی لە گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی تورکیا دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە.
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان میوانی بوولتەنی ئابووریی ئەمڕۆ چوارشەممە بوو و، رایگەیاند، یەکێک لەو بژاردانە کە دوایین بژاردەیانە وەکو کۆمپانیاکانی ئەندام لە کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ئەوەیە کە لە دادگەی نێودەوڵەتیی نێوبژیوانیی لەندەن سکاڵا تۆمار بکەن.
گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەندام لە کۆمەڵەکەیان هیواداران کە بەم زووانە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر چۆنییەتی پێدانی حەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکان بگەنە رێککەوتن و گوتی، ئەگەر ئەوە نەکرا، ئەگەری هەیە ئەو کۆمپانیانە سکاڵاکەیان ببەنە دادگای نێودەوڵەتیی نێوبژیوانی لەندەن لەسەر ئەو گرێبەستانەی کە هەیانە کە گرێبەستی نێودەوڵەتی یاسایین لە نێوان کۆمپانیا نەوتییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
مایڵز کاگینز رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەزانێت کە گەشانەوەی سێکتەری نەوت بۆ ئابوورییەکەی گرنگە و گوتیشی، حکومەتی عێراقیش لە گرنگی پیشەسازیی نەوتی کوردستان تێدەگات.
بەپێی هەندێ سەرچاوە لە لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، حکومەتی عیراق بەنیازە بۆ هەر بەرمیل نەوت کە کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان بەرهەمی دەهێنن تەنیا 6 دۆلارییان پێبدات، بەڵام کاگینز جەختی لەوە کردەوە کە بە 6 دۆلار کۆمپانیا نەوتییەکان ناتوانن لە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەردەوام بن.
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان دەڵێت،" دەستپێکردنەوەی هەناردکردنی نەوت هەنگاوێکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان لەبەر ئەوەی پیشەسازیی نەوت 80٪ی ئابووریی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت".
مایڵز کاگینز لەو بارەیەوە رایگەیاند، بەهۆی وەستانی هەناردەکردن و بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، کۆمپانیا نەوتییەکان ئەمساڵ نزیکەی 400 ملیۆن دۆلار لە خەرجییەکانیان کەمکردووەتەوە و ناچاربوون کە کرێکاران و کارمەندە نەوتییەکانیان بنێرنەوە بۆ ماڵەوە؛ ئاماژەشی بەوەدا کە هیوادارن وەستانی نەوتی هەرێمی کوردستان کاتی بێت و ئەوان وەک کۆمپانیاکان ئامادەن دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت بکەنەوە و کارمەندانیش بگەرێننەوە سەر کارەکانیان.
لە دوای بڕیاری دادگای نێودەوڵەتیی نێوبژیوانی پاریس لە رۆژی 25ی مانگی 3ی ئەمساڵ، هەناردە کردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیاوە راگیرا.
کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن لە نێوانیشیاندا ئەوانەی کە ئەندامن لە کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان لە مانگی 10 ی ساڵی رابردووەوە تاوەکو کاتی وەستانی هەناردەکردنی نەوت، شایستە داراییەکانیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێنەدراوە.
کاگینز لەو بارەیەوە رایگەیاند ،هەرچەندە کۆمپانیا نەوتییەکان پەیوەندییەکی زۆر باشیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە و پەیوەندییەکی کاریگەریشیان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەیە، بەڵام ئەم بابەتە بابەتێکی بازرگانییە و ئەوان دەبێت شایستە داراییەکانیان وەربگرن بۆ ئەوەی بتوانن دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت بکەنەوە و خەڵک دابمەزرێننەوە و کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئابووری هەرێمی کورستان دابنێن.
کاگینز هەروەها ئاماژەی بە بابەتێکی دیکە کرد و رایگەیاند، کۆمپانیا نێودەوڵەتی و بیانییەکانی دیکە لە کەرتەکانی دیکەشدا چاویان لەوەیە کە بزانن هەرێمی کوردستان و عێراق چۆن مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان دەکەن و هەربۆیە ئەو هەنگاوە کاریگەری لەسەر کۆی وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکان دەبێت.
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان لە پێنج کۆمپانیای نێودەوڵەتی نەوت پێکدێن کە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن کە بریتین لە کۆمپانیای دی ئێن ئۆ ، کۆمپانیای گەنەل ئێنێرجی، کۆمپانیای گەڵف کێستۆن و کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن و کۆمپانیای شاماران.