رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ سێشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نەیتوانی ئاستی 4800 دۆلار بپارێزێت و دابەزی بۆ نزیکەی 4780 دۆلار. بەهێزبوونی دۆلار هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی زێڕە.
وەبەرهێنەر و بازرگانان چاوەڕێن بزانن ئایا کۆبوونەوەی نێوان ئێران و ئەمریکا بۆ کۆتایی پێهێنان بە جەنگ بەڕێوەدەچێت یان ئاگربەستەکە درێژەی پێنادرێت و ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ هەیە.
نرخی زێڕ دوێنێ تاوەکو 4733 دۆلاریش دابەزی کە کەمترین ئاستی بوو لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی شەش بە نزیکەی 4830 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بابەتی پەیوەندیدار
کایل رۆدا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (کەپیتاڵ دۆت کۆم) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "وەبەرهێنەران چاوەڕێن بزانن ئایا کۆبوونەوەکەی ئیسلام ئاباد دەکرێت. پاشان ئەگەر کۆبوونەوەکە کرا ئاگربەست درێژەی پێدەدرێت و رێککەوتن بۆ کۆتایی پێهێنانی جەنگەکە دەکرێت."
رۆدا دەڵێت ئەگەر ئەو شتانە رووبدەن و ئاشتی بێتە ئاراوە پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروست دەبێت بەهۆی ئەوەی نرخی نەوت روو لە دابەزین دەکات و هەڵاوسان لە کۆنترۆڵ دەرناچێت.
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، تاوەکو جەنگەکە کۆتایی پێنەیەت بازاڕی زێڕ بە ناجێگیری دەمێنێتەوە.
