رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، هێزەکانیان رووبەڕووی هەوڵێکی "بێهودەی" ئەمریکا بوونەتەوە کە بۆ رزگارکردنی فڕۆکەوانێکی جەنگیی تێکشکاو ئەنجام درابوو.
ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا رایگەیاند: "بەرەبەیانی (5ی نیسانی 2026)، ژمارەیەک فڕۆکەی سوپای ئەمریکا بە مەبەستی رزگارکردنی فڕۆکەوانێکیان کە فڕۆکەکەی پێشتر خرابووە خوارەوە، سنووری ئاسمانیی ئێرانیان بەزاند."
ئیبراهیم زولفەقاری دەڵێت: "هێزە چەکدارەکان توانییان چوار فڕۆکە و کۆپتەری ئەمریکی بپێکن، کە پێکهاتبوون لە دوو فڕۆکەی گواستنەوەی سەربازی لە جۆری (C-130) و دوو کۆپتەری (بلاک هۆک)؛ دواتر ناچاریان کردن لە ناوچەیەکی باشووری ئیسفەهان نیشتنەوەی بەپەلە ئەنجام بدەن.
بابەتی پەیوەندیدار
"
گوتەبێژەکە دەڵێت، دوای ئەوەی هێزەکانی ئێران گەمارۆی ناوچەکەیان تەواو کرد، سوپای ئەمریکا بۆ شاردنەوەی "سەرشۆڕییەکەی تڕەمپ و تێکنەشکانی شکۆیەکی پووچی سوپاکەی"، پەنای بۆ بۆردوومانکردنی فڕۆکە و کەلوپەل و تەنانەت فەرماندە و سەربازە بریندارەکانی خۆی بردووە و هەموویانی لەنێو بردوون.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا هێرشی تووندی کردە سەر سەرۆکی ئەمریکا و گوتی: "ئەو سەرۆکە نەفامەی ئەمریکا کە لە زۆنگاوی جەنگ و دەستدرێژییەکانیدا چەقیوە، لەگەڵ جەنراڵە بێ هونەر و ترسنۆکەکانی سوپای ئەمریکا، باش تێگەیشتن کە هەر جۆرە دەستدرێژی و دزەکردنێک بۆ ناو خاکی ئێران، بە مشتە پۆڵایینەکانی هێزی بەسیج و گەلی ئازای ئێران، رووبەڕووی شکستی تووند و شەرمەزارکەر دەبێتەوە."
