رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران رایدەگەیێنێت کە وڵاتەکەی بەدوای فراوانکردنی شەڕەوە نییە و بەردەوامیی پێکدادانەکانیش لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە. دەشڵێت: "ئەگەر زانکۆکان و گەنجە بلیمەتەکانمان نەبووایەن، ئێستا خاوەنی ئەم مووشەکانە نەدەبووین."
رۆژی یەکشەممە، 19-4-2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە کاتی سەردانیکردنی وەزارەتی زانست، توێژینەوە و تەکنەلۆژیای ئەو وڵاتە، ئاماژەی بە ئاڵۆزییەکانی نێوان وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل کرد و رایگەیاند: "چارەسەری کێشەکان لە زیادکردنی گرژییەکاندا نییە، بەڵکو لە ژیری، گفتوگۆ و دوورکەوتنەوە لە وێرانکاریی زیاتردایە."
مەسعود پزیشکیان ستایشی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی کرد بۆ خۆڕاگرییان بەرامبەر گوشار و هەڕەشەکان و گوتی: "سەرەڕای هەموو کێشەکان، هێزە چەکدارەکانمان بە جۆرێک لە بەرامبەر زلهێزەکاندا وەستاونەتەوە کە هەموو جیهانیان تووشی سەرسوڕمان کردووە."
سەرۆککۆماری ئێران رەخنەی لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل گرت بۆ سەر ژێرخانە مەدەنییەکان و گوتی: "دووژمنان کە لە گەیشتن بە ئامانجەکانیان شکستیان هێنا، یاسا نێودەوڵەتییەکانیان پێشێل کرد و هێرشیان کردە سەر قوتابخانە، نەخۆشخانە و زانکۆکان. ئەوان دەزانن ئەگەر بڕیار بێت وڵات لەسەر پێی خۆی بوەستێت، ئەوە زانایان و بلیمەتەکان و نوخبەکانن کە دەتوانن کارێک بکەن."
مەسعود پزیشکیان جەختی لە گرنگیی ناوەندە زانستییەکان کردەوە بۆ پاراستنی وڵات و گوتی: "ئەگەر زانکۆکان و ئەم گەنجە بلیمەتانە نەبووایەن، ئەم بەرگرییە بەهێزە ئەنجام نەدەدرا و خاوەنی ئەم مووشەکانە نەدەبووین.
بابەتی پەیوەندیدار
ئەوان دەزانن کوێ دەپێکن، بۆیە ئێمەش دەبێت بزانین کوێ بەهێز دەکەین."
سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، پزیشکیان رەخنەی لە سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گرت و گوتی: "سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت نابێت ئێران مافی ئەتۆمی هەبێت، بەڵام ناڵێت بە چ تاوانێک؟ ئەو کێیە کە گەلێک لە مافە یاساییەکانی بێبەش بکات؟ ئێمە داوای دادپەروەری و مامەڵەی یەکسان دەکەین لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا."
لە کۆتایی قسەکانیدا، سەرۆککۆماری ئێران داوای پاراستنی یەکریزیی ناوخۆیی کرد و پەیامێکی ئاراستەی ناوەندە ئایینییەکان کرد تاوەکو مینبەری مزگەوتەکان بۆ یەکخستنی ریزەکان بەکاربهێنن. پزیشکیان گوتی: "دەبێت مینبەرەکان لە قسەی تووندوتیژ و نانەوەی دووبەرەکی دووربکەونەوە. رەنگە جیاوازیی بیروڕامان هەبێت، بەڵام کاتێک پرسەکە دەبێتە پاراستنی نیشتمان، هەمووان یەکریز لە بەرامبەر دووژمن دەوەستینەوە."
قسەکانی سەرۆککۆماری ئێران لە کاتێکدایە، تەنیا 2 رۆژی دیکە ئاگربەستە 2 هەفتەییەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا کۆتایی دێت. ئێستا ناوچەکە لە دۆخێکی زۆر هەستیاردایە و مەترسیی دەستپێکردنەوەی شەڕ و پێکدادانەکان هەیە، بەتایبەتی دوای ئەوەی دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی پاکستان بێ ئەنجام بوون و ئەمریکا گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر ئێران.
