کیڵگە نەوتییەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان لە 16 ساڵی رابردوودا چەند دەستێکیان کردووە. دوایین جار لە کۆتاییەکانی کانوونی دووەمی 2026 دا حکومەتی نوێی سووریا بە شەڕ و دواییش بە رێککەوتن لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات دا کۆی پیشەسازیی نەوت و گازی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان خستەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی و، ئێستا کۆنترۆڵی 95٪ کردووە. کۆی بەرهەمهێنانی رۆژانەی ئەم ساڵی سووریا 105 هەزار بەرمیل بووە، بەڵام بەهۆی هاتنی کۆمپانیاکانی وڵاتانی عەرەبیی کەنداو و کۆمپانیا ئەمریکییەکان، حکومەتی نوێی کاتیی سووریا دەیەوێت ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە بەرزبکاتەوە بۆ 380 هەزار بەرمیل لە رۆژێک دا.
ژێرخانی پێشەسازیی نەوت و گازی سووریای نوێ بەهۆی شەڕ و ململانێیەکانەوە زیانی گەورەی بەرکەوتووە. بەشێوەیەک وەزارەتی نەوتی سووریا زیانەکان بە 91.5 ملیار دۆلار دەخەملێنێت تەنیا لە کەرتی نەوت دا و، نەتەوە یەکگرتووەکانیش زیانەکانی کەرتی نەوت و گازی سووریا بە 115 ملیار دۆلار خەمڵاندووە.
کێڵگە نەوتی و گازییەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەکەونە پارێزگاکانی دێرەزوور، حومس و حەسەکە (رۆژئاوای کوردستان). کۆی کێڵگەکان 11 یە، کە 5 دانەی کێڵگەی نەوتی و 3 دانەی کێڵگەی گازی و 3دانەشی هاوبەشن (نەوت و گاز). کۆی یەدەگی سەلمێنراوی کێڵگە نەوتییەکان 2.5 ملیار بەرمیلە و بڕی یەدەگی گازی سرووشتی لەنێوان 8.5 بۆ 9.5 تریلیۆن پێی سێجایە.
لە راستیدا، ژمارەکانی یەدەگی نەوت و گازی سووریا بە بەراورد بە دراوسێیەکانی زۆر نییە و، بە وڵاتێکی بچووکی نەوتی دادەنرێت، بەڵام هەڵکەوتەی جوگرافی، هەبوونی ژێرخانی گواستنەوە و هەردوو بەندەری تەڕتووس و بانیاس چانسێکی نوێیان بۆ سووریا دروستکردووە بۆ ئەوەی ببێتە سەنتەرێکی نوێی وزە لە ناوچەکەدا و کۆمپانیا بیانییەکان وەبەرهێنانی تێدا بکەن.
هەڵبەز و دابەزی بەرهەمهێنانی نەوت لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان
ساڵانی پێش شەڕی نێوخۆ ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی سووریا 400 بۆ 380 هەزار بەرمیل بوو، داهاتەکەی 3 بۆ 3.4 ملیار دۆلار بوو. بۆ نموونە ساڵی 2008 رۆژانە کۆی بەرهەمهێنانی 400 هەزار بەرمیل بوو و داهاتەکەی 3.2 ملیار دۆلار بوو. لە دوای سەستپێبوونی راپەڕین و هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆی سووریادا لە ساڵی 2011 دا ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی کەم بووەوە بۆ 350 هەزار بەرمیل و داهاتەکەی کەمبووەوە بۆ 1.8 ملیار دۆلار.
ساڵ دوای ساڵ بڕی بەرهەمهێنانی ساڵانەی نەوت و داهاتەکەی زۆر کەم بووەوە. ساڵی 2019 گەیشتە کەمترین بڕی ساڵانە کە تەنیا 20 هەزار بەرمیل نەوتە و داهاتەکەی کەم بووەوە بۆ 45 ملیۆن دۆلار.
ساڵێک دوای کەوتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و لە 2025 دا جارێکی دیکە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە سووریا بەرزبووەوە بۆ رۆژانە 115 هەزار بەرمیل و داهاتەکەی دەگاتە نزیکەی 450 ملیۆن دۆلار. لە مانگەکانی سەرەتای 2026 دا (کانوونی دووەم و شوبات ) ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە نزیکەی 105 بۆ 110 هەزار بەرمیل بووە.
ئێستا بەپێی پێشبینییەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە هەموو کێڵگە نەوتی و گازییەکانی سووریا دا، بەهۆی وەبەرهێنانی کۆمپانیا بیانییەکان، بەتایبەتیش ئەمریکایی و کەنداوییەکان چاوەڕواندەکرێت لە 2027 دا ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە بگاتە 180 هەزار بەرمیل و ، تاوەکو 2030 بگەڕێتەوە ئاستی پێش ساڵانی شەڕی نێوخۆ کە رۆژانە 380 هەزار بەرمیل بوو.

کێڵگەکانی سووریا و بەرهەمهێنانی رۆژانەی 380 هەزار بەرمیل نەوت لە 2030 دا
کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای دێرەزوور هەریەکە لە کێڵگەکانی( نەوتی عومەر و تەنەک، کێڵگەی گازی کۆنۆکۆ و تی-2 ) لەخۆدەگرێت. رۆژانی پێش شەڕی نێوخۆیی سووریا ، رۆژانە ئاستی بەرهەمهێنانی ئەم کێڵگانە 200 هەزار بەرمیل بوو. ساڵی 2025 ئاستی بەرهەمهێنانیان کەم بووەوە بۆ تەنیا 21 بۆ 22 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای حەسەکە (رۆژئاوای کوردستان) هەریەکە لە (کێڵگەی نەوتی و گازی رومێلان و سوەیدییە لەگەڵ کێڵگەی نەوتی کراتشووک) هەموویان پێکەوە لە ساڵانی پێش شەڕی نێوخۆ دا رۆژانە 110 هەزار بەرمیل نەوتیان بەرهەم دەهێنا، ساڵی 2025 کۆی بەرهەمهێنانیان کەم بووەوە بۆ 50 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
پارێزگای حومس دوو کێڵگەی گازی لێیە، کە ئەوانیش (کیڵگەی ئەبورباح و ئاراک)ن و دەکەونە سەنتەری سووریا. ئەم کێڵگە گازییانە پێش شەڕی نێوخۆ ئاستی بەرهەمهێنانیان سفر بوو، بەڵام چاوەڕواندەکرێت ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لەو دوو کێڵگەیەدا بگاتە سەروو 500 هەزار مەتر سێجای رۆژانە.


