بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی ئاداری 2026 دا بەراورد بە مانگەکانی پێشووتر زۆر کەم بووەتەوە، چونکە لە 7ی ئادارەوە نەیتوانیوە نەوت لە تەنگەی هورمزەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکات. ئەگەر رەوشی تەنگەی هورمز بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوامبێ ئەوا کۆی هەناردەکردن و داهاتی نەوتی عێراق رۆژ بە رۆژ کەم دەبێتەوە، چونکە نرخی نەوت دابەزیوە و تێچووی هەناردەکردن زیادیکردووە و تەنیا یەک لەسەر حەوتی دەتوانرێت بەبێ هورمز هەناردە بکرێت.
مانگی رابردوو بەهۆی بەرزی نرخی نەوتەوە عێراق توانیویەتی قەرەبووی بڕی کەمی هەناردەکراو بکاتەوە، چونکە هەر بەرمیلێکی بە سەروو 100 دۆلار فرۆشتووە، بەڵام خۆڕاگرتنی ئەم سیستمە پشت بەستووە بە داهاتی نەوت و بەندە بە تێپەڕبوونی کەشتییەکانی بە تەنگەی هورمزدا، چونکە ئەو بڕە نەوتەی رۆژانە عێراق دەتوانێت هەناردەی بکات بەبێ تەنگەی هورمز لە باشترین دۆخدا ناگاتە نیو ملیۆن بەرمیلی رۆژانە.
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر ئێران لە بەرەبەیانی 28ی شوبات تاوەکو 8ی نیسانی خایاند و وایکرد تەنگەی هورمز لە رۆژی 8ی ئادارەوە بە فەرمی لەلایەن ئێرانەوە دابخرێت و مەترسی بە ئامانجگرتنی کەشتییەکان، بەتایبەتیش کەشتییە نەوتییەکان بێتە ئاراوە.
دوای ئاگربەستەکەی رۆژی 8 نیسانی ئەمریکا و ئێران و دانوستاندنە 21 کاژێرییەکەی ئەمریکا و ئێران لە ئیسلامئاباد هێشتا روون نییە تەنگەکە دەکرێتەوە یان بەم شێوەیەی داخراوەیی و بەوشێوەیەی ئیستا دەبێت. هەرچەندە راپۆرتەکان باس لە تێپەڕبوونی نەوتی عێراق و سعودیە بە ئاڵای چینەوە لە ماوەی دانوستاندنەکانی پاکستان دا دەکەن.
مانگێک پێش جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر ئێران، واتە لە مانگی شوباتی 2026 دا کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) رۆژانە 3.56 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە هەردوو رێگەی کەشتی و بۆڕییەوە هەناردە کردووە، بەڵام لە مانگی ئاداردا هەناردەکردن کەمبووەتەوە بۆ 580 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، بەوشیوەیەش بێت کۆی هەناردەکردن لە مانگی شوبات 99.87 ملیۆن بەرمیل و لە مانگی ئاداردا 18 ملیۆن بەرمیل بووە.
هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی رابردوودا کەمترینی 17 ساڵ بوو.
بەپێی لێدوانی نزار شەتری، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بە بازاڕکرنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) "کۆی هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی ئاداری 2026 دا نزیکەی 18 ملیۆن بەرمیل نەوت بووە "، واتە لەو مانگەدا بە تێکڕایی، عێراق رۆژانە 580 هەزار بەرمیلی هەناردە کردووە و نرخی هەر بەرمیلێکیشی بە نزیکەی 105 دۆلار فرۆشتووە.
ئەگەر مەترسییەکانی تەنگەی هورمز بەردەوامبن و عێراق نەتوانێت ئەو نەوتەی بە کەشتی دەیگوازێتەوە بیگەیێنێتە کڕیارەکانی لە بازاڕەکانی ئاسیا، ئەورووپا و ئەمریکا ئەوا بڕی هەناردەکردنی نەوت لەم مانگەدا بە بەراورد بە مانگی رابردوو کەمتر دەبێتەوە، چونکە لە ماوەی جەنگەکەدا و بەتایبەتیش لە سەرەتای جەنگەوە تاوەکو 7ی ئادار سۆمۆ توانی نزیکەی 12 ملیۆن بەرمیل نەوت لە کەشتییەکان باربکات و بیگوازێتەوە بۆ کڕیارەکانی بە تەنگەی هورمز دا.
لە کانوونی دووەمی 2011ەوە بۆ ئاداری 2026 یەکەم جارە عێراق بڕی هەناردەکردنی بۆ دەرەوە بەوشێوەیە کەمبێتەوە، تەنانەت لەو مانگانەی سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا کە هاتووچۆ لە جیهان دا راوەستا و پێویستی بە نەوت نەبوو، هێشتا رۆژانە بڕی 2.8 ملیۆن بەرمیلی هەناردە کردووە، بەڵام لە ئاداری 2026 دابەزی بۆ تەنیا 580 هەزار بەرمیل رۆژانە، کە نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەم بڕە بەهۆی بۆڕی کوردستانەوە بوو.
جەنگ و داهاتی مانگانەی نەوتی عێراق
هەروەها، نزار شەتری دەڵێ داهاتی مانگی ئادار بە نزیکەیی دەکاتە 28٪ی کۆی داهاتی مانگی شوبات، واتە داهاتی نەوتی بەدەستهاتوو لە مانگی ئادار نزیکەی 2 ملیار یان 1.96 ملیار دۆلار دەبێت، چونکە کۆی داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی شوبات دا بایی 6.81 ملیار دۆلار بووە.
وەکو لە خشتەی داهاتی مانگانەی عێراق لە 2011 بۆ 2026 دا هاتووە، داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە 2026 دا هاوشێوەی نیسانی 2020 بووە، هەرچەندە لە ئادار ئەم ساڵ دا بڕی هەناردەکردنی رۆژانە 580 هەزار بووە، لەکاتێکدا لە نیسانی 2020 دا 3 ملیۆن و 438 هەزار بەرمیل بووە، چونکە نرخی بەرمیلێک نەوت داهاتەکەی دیاریدەکات تاوەکو بڕی هەناردەکردن.
لەوانەیە داهاتی بە دەستهاتووی عێراق لە هەناردەکردنی نەوت بۆ مانگی نیسان 2026 بە بەراورد بە مانگی ئادار زیاتر کەمبێتەوە، چونکە نرخی نەوت دابەزیوە و بڕی هەناردەکردنیش لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە سەرەڕای رێپێدانی ئێران تاوەکو ئێستا ئاسایی نەبووەتەوە.

