ئەوە چەندین جارە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە خراپی باسی کورد دەکات؛ جار جارێک دەڵێت کورد، یان کوردەکان؛ جارێکی دیکە دەڵێت هەندێک لە کورد چەکیان لێ سەندووین و نەیانگەیاندووە و لای خۆیان گلیان داوەتەوە.
ئەوەی ترەمپ دەیڵێت، راست بێت یان درۆ، ناوزڕاندنی نێودەوڵەتیی کوردە. کابرایەک لە مۆزەمبیق کاتێک گوێی لێ دەبێت خۆ ناوەستێت روونکردنەوەی بۆ بدرێت، یان کەسێک لەو سەری ئەرجەنتین یاخود پەرلەمانتارێک لە کەنەدا؛ هیچ گرنگ نییە بە لایانەوە کام کوردانە و کام پارت و کام بەشی کوردستان چەکی ئەمریکای بردووە.
ئەمەی ترەمپ دەیڵێت و دەیکات، ئابڕووبردنی کوردە لە جیهاندا. کورد کە بە ئازایەتی و بە پێشمەرگە و شەڕڤان ناسراوە، ئێستا بە خیانەت لە ئەمانەت دەناسرێت. سەرەڕای ئەوەش، لای دەوروبەر و دراوسێ بە چاوێکی دیکە سەیری کورد دەکرێت؛ ئینجا نەتەوەکانی دیکەش دیسان بە چاوی گومان سەیری کورد دەکەن.
لە ماوەی 100 ساڵی رابردوودا، بەتایبەت لەدوای دابەشکردنی کوردستان بەسەر دەوڵەتانی دەوروبەریدا لەلایەن هاوپەیمانانەوە، کورد بەردەوام چەوسێندراوەتەوە و ستەمی لێکراوە.
هەر دابەشکردنەکە گەورەترین ستەم بوو؛ دوای ئەویش چەوساندنەوەی کورد بە هەموو شێوازەکان، هەر لە راگواستن و گۆڕینی دیمۆگرافیاوە تاوەکو کیمیاباران، ئەنفال، راوەدوونان و کۆمەڵکوژی.
لە هەموو ئەو ساڵانەدا کورد شەرەفمەندانە جەنگاوە و بەرەنگاری داگیرکەر و دوژمنانی وەستاوەتەوە؛ هەزاران نەبەردیی تۆمار کردووە و سەرەڕای شەڕپێفرۆشتنی، لێبوردە و دڵفراوان بووە، یەخسیر و دیلی ئازاد کردووە.
