رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) داوا لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەکات پێکەوە مێژوو بنووسنەوە و بۆ بەدواداچوونی پرۆسەی چارەسەریش پێشنیازی دامەزراندنی دەستەی چاودێری و بەدواداچوونی ئاشتی دەکات.
تونجەر باکرهان، رۆژی سێشەممە، 5ـی ئایاری 2026، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکێش کرد. باکرهان ئاماژەی بە نائارامییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و گوتی: "جەنگ و هەڕەشە بەسەر گەلاندا دەسەپێندرێت. لەم دۆخەدا، دۆستی مێژوویی کورد، تورکە و دۆستی مێژوویی تورکیش، کوردە. ئەگەر تورکیا بتوانێت هاوسەنگی دابین بکات، دەتوانێت بەشدارییەکی ئەرێنی لە پێشهاتەکانی ناوچەکەدا بکات."
هاوسەرۆکی دەم پارتی رەخنەی لە دەسەڵات گرت و گوتی: "ئەمڕۆ هەموو مەرجەکان بۆ ئاشتی گونجاون، بەڵام کێشەی سەرەکی نەبوونی سیاسەتە. ناوی جیدییەتی ئەم پڕۆسەیە یاسایە. ئەگەر ئاشتی تۆوێک بێت، ئەوا خاکەکەی یاسایە. ئەو کەسانەی پێیان دەگوترێت وەرن، بۆ کوێ بێن؟ وەرن، بەڵام یاسا نییە."
باکرهان داوای لە نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کرد لە ماوەی هەفتەیەکدا چوارچێوەی یاسایی پڕۆسەکە پێشکەش بە پەرلەمان بکات و گوتی: "با یاسا تایبەتەکە دەستبەجێ پێشکەشی پەرلەمان بکەین و لە ماوەی هەفتەیەکدا ببێتە یاسا. با هەلومەرجێکی گونجاو بۆ بەڕێز ئۆجەلان دروست بکرێت تاوەکو بتوانێت بە ئاسوودەیی کار بکات."
"واژۆ لەسەر قسەکانی ئەمڕۆی باخچەلی دەکەین"
تونجەر باکرهان لە بەردەوامیی قسەکانیدا پاڵپشتیی خۆی بۆ گوتارەکەی ئەمڕۆی دەولەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەربڕی و گوتی: "بەڕێز ئۆجەلان خۆی دەڵێت تەنیا خەمی چارەسەرکردنی کێشەکەیەتی. پرسیارەکەی بەڕێز باخچەلی کە 'پێگەی ئۆجەلان چی دەبێت؟' پرسیارێکی مێژووییە و لە جێی خۆیدایە. ئێمە واژۆ لەسەر قسەکانی ئەمڕۆی بەڕێز باخچەلی دەکەین سەبارەت بە پڕۆسەکە."
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ دەولەت باخچەلی پێشنیازی کرد ناوی پڕۆسەکە ببێتە "هاوئاهەنگیی پڕۆسەی ئاشتی و بەسیاسیکردن" و جەختی لە گرنگیی گفتوگۆ لەسەر پێگەی ئۆجەلان کردەوە.
باکرهان بانگەوازی ئاراستەی سەرۆککۆماری تورکیا کرد و گوتی: "بەڕێز ئەردۆغان، وەرن با پێکەوە مێژوو بنووسینەوە. بەڵێن دەدەین ئەو ئاشتییەی کە 100 ساڵە حەسرەتمانە، لەم خاکەدا دایبمەزرێنین. ئەم پڕۆسەیە سەختە، پەرلەمان دەستپێشخەریی کرد و رێکخراوێکی نیو سەدەیی چەکی دانا."
پڕۆسەی چارەسەریی پرسی کورد لە تورکیا نزیکەی ساڵێک و نیوە دەستی پێکردووە. لە 1ـی تشرینی یەکەمی 2024 دەولەت باخچەلی بانگەوازی بۆ ئۆجەلان کرد کە پەکەکە چەک دابنێت.
