رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، یەکەمین مووشەکی بالیستیی هایپەرسۆنیکی دوور مەودای نمایش کرد، کە ناوەکەی لە سوڵتانێکی عوسمانی وەرگرتووە و تەقەمەنییەکی زۆر بە خێراییەکی زۆر دەگەیێنێتە دووری 6 هەزار کیلۆمەتر.
یەکێک لە دوایین بەرهەمەکانی پیشەسازیی سەربازیی تورکیا، نمایشکردنی مووشەکێکی بالیستیی هایپەرسۆنیکە، کە بە تەواوی بەرهەمی نێوخۆی ئەو وڵاتەیە. مووشەکی هایپەرسۆنیکی (یڵدریمهان) مووشەکێکی کیشوەربڕە و خێراییەکەی لە 9 ماک (9 جار لە خێرایی دەنگ) زیاترە.
ئەو مووشەکە لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی وەزارەتی بەرگریی تورکیاوە پەرەی پێدراوە، لە 5ی ئایار پەردەی لەسەر لادرا.
یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لە گوتارێکدا گوتی، پیشەسازیی بەرگریی تورکیا ئێستا نەوەکو تەنیا بەدوای بەرهەمهێنانی زیاترە، بەڵکو چووەتە ئیکۆسیستمێک کە بە دوای تەکنەلۆجیای بەرزو پێشکەوتوو دا دەگەرێت، "تورکیا لە پیشەسازیی بەرگریدا چووەتە قۆناخێک بەدوای دروستکردنی بەرهەمی تەکنەلۆژیای بەرزە."
مووشەکەکە بەهۆی خێرایی و کاریگەرییەوە، بەناوی (سوڵتان بایزید)ی یەکەمی عوسمانی کراوە کە نازناوی (یڵدرم) بووە، واتا (برووسکە).
