رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دایە تاران و رایگەیاند، ناتوانێت لە رێگەی گۆڕینی بەردەوامی بڕیارەکانی لەبارەی تەنگەی هورمزەوە "سەرانە"لە واشنتن بستێنێ، ئەمەش دوای ئەوەی ئێران جارێکی دیکە داخرانی ئەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەی راگەیاند.
رۆژی شەممە، 18ی نیسانی 2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، واشنتن لەگەڵ تاران لە گفتوگۆدایە، بەڵام رێگە نادەن بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
ترەمپ گوتی: "ئەوان دەیانویست جارێکی دیکە تەنگەکە دابخەنەوە، وەک چۆن چەندین ساڵە دەیکەن؛ ئەوان ناتوانن سەرانەمان لێ بستێنن."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئیدارەکەی هەڵوێستێکی "تووند" بەرامبەر ئێران دەگرێتەبەر و رایگەیاند، لە کۆتایی رۆژەکەدا زانیاریی نوێ لەو بارەیەوە بڵاودەکەنەوە.
ئەم لێدوانانەی ترەمپ دوای ئەوە دێن کە سوپای ئێران رۆژی شەممە جارێکی دیکە داخرانی تەنگەی هورمزی راگەیاند، ئەمەش تەنیا یەک رۆژ دوای ئەوەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو "تەنگەکە بە تەواوی کراوەیە".
بابەتی پەیوەندیدار
تەنگەی هورمز، رێڕەوی تێپەڕبوونی نزیکەی 20%ـی نەوت و غازی جیهانە، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی 2026 لە 28ی شوباتەوە بووەتە چەقی ململانێکان.
ئەم ئاڵۆزییە نوێیەی تاران لە کاتێکدایە کە "پڕۆسەی ئیسلامئاباد" بۆ ئاشتی بەهۆی مەرجی 20 ساڵ راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆمەوە گەیشتووەتە بنبەست.
لە چەند رۆژی رابردوودا، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) گەمارۆیەکی دەریایی توندی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاند و رایگەیاند 23 کەشتییان گەڕاندووەتەوە.
ئەم گەمارۆیە و بەردەوامیی داخرانی هورمز، نرخی نەوتی برێنتی بۆ سەروو 126 دۆلار بەرزکردووەتەوە، ئەمەش گوشارێکى گەورەی ئابووریی بۆ ئیدارەی ترەمپ بەر لە هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەم دروستکردووە.
