رووداو دیجیتاڵ
کاش پاتێل، بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا رایگەیاند، دامودەزگە ئەمنییەکان کەسێکیان دەستگیرکردووە کە دەستی لە 20 "هێرشی تیرۆریستیدا" لە ئەورووپا، کەنەدا و ئەمریکا هەبووە. هاووڵاتییەکە عێراقییە و فەرماندەی کەتائیبی حیزبوڵڵایە.
پاتێل لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاند، محەممەد سەعدی پلانی بۆ لانیکەم 20 "هێرشی تیرۆریستی" لە نیویۆرک، ئەریزۆنا و کالیفۆرنیا دانابوو.
بەگوێرەی سکاڵانامەی دژی تۆمەتبارەکە، هاووڵاتییە عێراقییەکە لە تۆڵەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، لانیکەم 18 "هێرشی تیرۆریستیی" راگەیێندراوی لە ئەورووپا دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەنجامداوە، لەنێویاندا بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر هاووڵاتییەکی جووی ئەمریکی.
سکاڵاکە ئاماژە بەوە دەکات کە گوایە محەممەد باقر سەعد داود سەعدی، بە بۆمبی ئاگرین هێرشی کردووەتە سەر باڵەخانەیەکی بانکی نیویۆرک مێلۆن لە ئەمستردامی هۆڵەندا، هەوڵی داوە بۆمبی چێندراو لە باڵەخانەی بانک ئۆڤ ئەمریکا لە پاریس بتەقێنێتەوە، هەروەها هاوئاهەنگی بۆ هێرشکردنە سەر شوێنی جووەکان لە ئەمریکا کردووە و لە لەندەنیش بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر دوو کەس.
رۆژی هەینی، تۆمەتبارەکە بۆ یەکەم جار لە دادگەی فیدراڵیی مانهاتن لە نیویۆرک ئامادە بوو، ئەوەش بە تۆمەتی پیلانگێڕی بۆ دابینکردنی پاڵپشتیی مادی بۆ "گرووپە تیرۆریستییەکان"، پیلانگێڕی بۆ تەقاندنەوەی شوێنە گشتییەکان و چەند سەرپێچییەکی دیکە.
سەعدی لە تورکیا دەستگیرکراوە و رادەستی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا کراوە. ئەندرو دالاک، پارێزەرەکەی کە پارێزەرێکی فیدراڵییە، گوتی، ئاگاداری هیچ رێکارێکی رادەستکردنەوە نەبووە. دالاک گوتی: "ئەمە تاڕادەیەک کەیسێکی نائاساییە."
بڕیاردرا سەعدی دەستبەسەر بکرێ و بڕیارە رۆژی 29ـی ئایار جارێکی دیکە لە دادگە ئامادەبێتەوە.
داواکارانی گشتیی فیدراڵی ئەمریکا رایانگەیاند، جگە لە هێرشەکانی ئەورووپا و کەنەدا، سەعدی لەگەڵ بریکارێکی نهێنیی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) قسەی کردووە و بڕی سێ هەزار دۆلاری پێداوە بۆ ئەوەی پلانی هێرشکردنە سەر کالیفۆرنیا، ئەریزۆنا و کەنیشتەیەکی جووەکان لە مانهاتن دابنێت.
