رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی رۆژی شەممە (بەکاتی واشنتن) چەکدارێک لە نزیک کۆشکی سپی دەستی بە تەقەکردن کردووە و دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە. دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کاتی رووداوەکەدا لە ناو کۆشکی سپی بووە و خەریکی کارکردن بووە لەسەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران، بەڵام سەلامەتە.
رۆژی 23ی ئایار، ئەنتۆنی گوگلیێلمی، بەرپرسی پێوەندییەکانی دەزگەی نهێنیی ئەمریکا (Secret Service)، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە رووبەڕووبوونەوەکە کەمێک دوای کاژێر 6:00ی ئێوارە رووی داوە. پیاوێک لە نزیک سنووری ئەمنیی کۆشکی سپی، چەکێکی لە جانتاکەی دەرهێناوە و دەستی بە تەقەکردن کردووە. پۆلیسی دەزگەی نهێنی وەڵامی تەقەکانیان داوەتەوە و هێرشبەرەکەیان پێکاوە، کە دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
بە گوێرەی راپۆرتی ئاژانسەکە، لە کاتی تەقەکردنەکەدا کەسێکی رێبوار فیشەکی بەرکەوتووە، بەڵام وردەکاریی لەسەر باری تەندروستیی ئەو کەسە نەدراوە.
راید ئادریان، گەشتیارێکی کەنەدایی کە لە شوێنی رووداوەکە بووە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، "دەنگی 20 تاوەکو 25 تەقەمان بیست، وامانزانی یاریی ئاگرینە، بەڵام دواتر هەموو خەڵکەکە دەستیان بە راکردن کرد." ئەو رۆژنامەڤانانەشی کە لەو کاتەدا لە حەوشەی باکووری کۆشکی سپی بوون، فەرمانیان پێ کراوە لە ژووری کۆنگرە رۆژنامەوانییەکاندا خۆیان بشارنەوە.
بە گوێرەی راپۆرتی کەناڵی (سی بی ئێس نیوز) (CBS News) تەقەکەرەکە ناوی (نەسایەر بێستە) و تەمەنی 21 ساڵە. ئەم گەنجە ماوەی 18 مانگ بووە لە واشنتن نیشتەجێ بووە. بەپێی زانیارییەکان، ئەمە یەکەمجار نەبووە (نەسایەر بێست) تووشی کێشە ببێت لەگەڵ دەزگەی نهێنی؛ چونکە لە تەممووزی 2025ـیشدا هەوڵی دابوو بچێتە ناو کۆشکی سپی و لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرابوو.
