رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا بەهۆی بەدەستهێنانی نازناوی لالیگای وەرزی ئەمساڵەوە، گەشانەوەیەکی دارایی زۆر باش بەخۆوە دەبینێت، لە کاتێکدا یانەکە لە هەوڵدان بۆ باشترکردنی دۆخی دارایی خۆی بەردەوامە.
بارسێلۆنا بەهۆی بردنەوەی کلاسیکۆوە لە ریال مەدرید بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر، نازناوی ئەمساڵی لالیگای مسۆگەرکرد. میدیای ئیسپانیا دەڵێن ئەو نازناوە بووژانەوەیەکی گەورە بەخەزێنەی یانەکە دەدات.
سەرچاوە ئیسپانییەکان ئاشکرایانکردووە، بارسێلۆنا بەهۆی بەدەستهێنانی ریزبەندی یەکەم لە کۆی بیست یانەی بەشدار لە لالیگا، زۆرترین پارە لە کۆی گشتیی ئەو پارەیە وەردەگرێت کە بۆ ئاستی وەرزشیی یانەکان دانراوە و پشکی بارسا 17لەسەدی پارەکەیە.
بارسا لەو بەشەدا لە نێوان 57 تاوەکو 60 ملیۆن یۆرۆی تەنیا بەهۆی بەدەستهێنانی نازناوەکەوە دەستدەکەوێت، نزیکەی شەش تاوەکو حەوت ملیۆن یۆرۆ لە خاوەنی پلەی دووەمی خولەکە، زیاتر وەردەگرێت.
جیاوازیی ئەو بڕە پارەیەی لە نێوان خاوەنی پلەکانی یەکەم و دووەمی ریزبەندی لالیگادا هەیە، هاوکاریی زۆری بارسا دەکات، لە چارەسەرکردنی بەشێکی بەرچاو لە کێشەی بنمیچی مووچە و بودجەی یانەکەدا لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان.
لەگەڵ ئەژمارکردنی ئەو داهاتە جێگیرەدا کە هەموو یانەکان بەیەکسان وەریدەگرن، جیا لەو بەشەی پەیوەندی بە گەلویستیی هاندەران و ژمارەی لایەنگرانەوە هەیە، کە لەوەشدا بارسا لە هەمووان سوودمەندترە بەهۆی ژمارەی زۆری هاندەرەکانی، کۆی داهاتی تەلەڤیزیۆنیی یانەکە بەئاسانی بڕی 100 ملیۆن یۆرۆ لە وەرزەکەدا تێدەپەڕێنێت.
