رووداو دیجیتاڵ
جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری نوێی پێشبینیکراوی ریال مەدرید داوای چوار گرێبەست دەکات ئەگەر بەفەرمی ببێتە راهێنەری یانەی شاهانە، کە یەکێک لەو گرێبەستانە زۆر گرنگە بۆ یانەکە.
هەرچەندە رێککەوتنی نێوان فلۆرێنتینۆ پێرێز و راهێنەرە پۆرتوگالییەکە لەسەر گرێبەستێکە بۆ ماوەی دوو وەرز، لەگەڵ ئەگەری نوێکردنەوە بۆ وەرزی سێیەم ئەگەر نازناوی لالیگا بەدەستبهێنێت، بەڵام واژۆکردنی فەرمی گرێبەستەکە راگیراوە تاوەکو دووبارە هەڵبژاردنەوەی پێرێز وەک سەرۆک یەکلایی دەبێتەوە.
ئەگەر ئەوە روونەدات، مۆرینیۆ لە بێنفیکا نامێنێتەوە، بەڵکو روو لە یەکێک لەو دەستەوارە جیاوازانەی دیکەی دەکات کە بۆی هاتوون.
نەخشەڕێگەیەکی روون بۆ بەهێزکردنی تیپەکە
مۆرینیۆ چاوەڕێی یەکلاییبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی نەکردووە بۆ دەستپێکردنی کارەکانی؛ راپۆرتێکی وردی ئامادەکردووە و بۆ کارگێڕیی ریال مەدریدی ناردووە، دوای چاودێرییەکی وردی یارییەکانی کۆتایی تیپەکە و شیکردنەوەیەکی گشتگیر بۆ پێکهاتەی ئێستا.
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی ئاشکرای کردووە کە راهێنەرەکە ئەو شوێنانەی دیاری کردووە کە پێویستیان بە بەهێزکردنی خێرا هەیە، بەبێ ئەوەی ناوی یاریزانی دیاریکراو بهێنێت، و ئەرکی هەڵبژاردنی یاریزانەکانی بۆ کارگێڕیی یانەکە جێهێشتووە.
پێشینە بۆ هێڵی بەرگرییە؛ مۆرینیۆ دوو بەرگریکاری ناوەڕاستی نوێی دەوێت 'یان لانیکەم یەکێک'، لەگەڵ بەرگریکارێکی باڵی راست، کە جێگەی متمانە بێت و یەکسەر بتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت. سەبارەت بە بەرگریکاری باڵی چەپیش، ئەوە بۆ قۆناخی داهاتوو دەبێت، بەتایبەت ئەگەر فران گارسیا بڕوات.
لە هێڵی ناوەڕاستدا، مۆرینیۆ داوای دوو یاریزان دەکات کە بە پێویستیان دەزانێت نەک تەنیا بۆ دەوڵەمەندکردنی پێکهاتەکە؛ یەکەمیان یاریزانێکی چەق کە توانای کێبڕکێکردنی چوامینی هەبێت و جێگەی بگرێتەوە لە کاتی ئامادەنەبوونیدا. دووەمیان ناوەڕاستێکی داهێنەر بۆ دروستکردنی یاری، هاوشێوەی ئۆرسنێسی نەرویجی کە لە بێنفیکا لەگەڵی کاری کردووە.
مۆرینیۆ پێیوایە ئەم شوێنەی دووەم بووەتە پێویستییەکی زۆر گرنگ، چونکە ریال مەدرید ئێستا بەتەواوی ئەو جۆرە یاریزانەی تێدا نییە.
سەبارەت بە هێڵی هێرشبەری، راهێنەرە پۆرتوگالییەکە پێویستی بەهیچ گۆڕانکارییەک نییە.
رۆیشتنی یاریزانان مەرجی سەرەکییە
لە ناو یانەی ڕیال مەدرید هەمووان دەزانن کە بەهێزکردنی تیپەکە پێویستە، بەڵام کارگێڕیی یانەکە مەرجێکی روونی داناوە؛ هیچ گرێبەستێکی نوێ ناکرێت تاوەکو یاریزانان نەڕۆن.
رۆیشتنی ئالابا و کارڤاخال یەکلایی بووەتەوە بەهۆی کۆتاییهاتنی گرێبەستەکانیان، بەڵام داهاتووی هەندێکی دیکە هێشتا نادیارە، بەتایبەت سیبایۆس و کاماڤینگا، لەکاتێکدا هێشتا نوێکردنەوەی گرێبەستی رودیگێر بە فەرمی رانەگەیێندراوە.
هەرچەندە ئەنجوومەنی کارگێڕیی کاتی دەسەڵاتی ئەنجامدانی گواستنەوەکانی هەیە، بەڵام پڕۆسەی هەڵبژاردن هەموو شتێکی سڕ کردووە.
