رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)، بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە سەرەتای جەنگی ئێراندا پلانێکی نهێنییان هەبوو بۆ ئەوەی مەحموود ئەحمەدینەژاد، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران لە دەستبەسەریی ماڵەکەی رزگاربکەن و بیگەڕێننەوە سەر دەسەڵات. دۆناڵد ترەمپ پێیوابوو کە باشترە "کەسێک لە نێوخۆی ئێران" وڵاتەکە بەڕێوەببات و ئەو کەسەش کە لە مێشکیدا بوو، ئەحمەدینەژاد بوو.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، ئەم پلانە لە یەکەم رۆژی جەنگدا تێکچوو. فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی ئەحمەدینەژاد لە تاران بەو ئامانجەی ئەو پاسەوانانە بکوژن کە لە دەوری ماڵەکەی بوون و دەستبەسەریان کردبوو. لەو هێرشەدا ئەحمەدینەژاد بریندار بوو و پاش ئەوەی لەو مەترسییە رزگاری بوو، تاوەکو ئێستا بە ئاشکرا نەبینراوە و کەس نازانێت لە کوێیە و باری تەندرووستی چۆنە.
بۆچی ئەحمەدینەژاد؟
هەڵبژاردنی ئەحمەدینەژاد بۆ سەرکردایەتیکردنی ئێرانی نوێ بابەتیکی سەیر بوو، چونکە لە ساڵانی سەرۆکایەتی (2005-2013) بەوە دەناسرا کە دەیگوت دەبێت "ئیسرائیل لەسەر نەخشە بسڕدرێتەوە."
هەروەها ئەحمەدینەژاد لایەنگرێکی سەرسەختی بەرنامەی ئەتۆمی و رەخنەگرێکی تووندی ئەمریکا بوو، بەڵام لە ساڵانی دواییدا کێشەی لەگەڵ سەرکردایەتیی ئێران دروستکرد و بە گەندەڵی تۆمەتباری دەکردن. ئیدارەی ترەمپ پێیان وابوو ئەحمەدینەژاد کەسایەتییەکی ناسراوە و دەتوانێت دۆخی سیاسی و سەربازیی ئێران کۆنترۆڵ بکات.
ئانا کێلی، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە وەڵامی پرسیارێکدا گوتی: "ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنی (توڕەیی داستانئاسا) تێکشکاندنی مووشەکەکان و بنکەکانی بەرهەمهێنانییان بوو.
