رووداو دیجیتاڵ
نەبی بەری، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان هۆشداری دەداتە هێزەکانی ئیسرائیل کە لە باشووری وڵاتەکەن و دەڵێت، ئەگەر نەکشێنەوە رووبەڕووی بەرگریی چەکداری دەبنەوە. ئەم هەڕەشەیەش تەنیا چەند رۆژێک پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکانی واشنتن دێت.
نەبی بەری، کە سەرۆکی بزووتنەوەی ئەمەل و هاوپەیمانی حیزبوڵڵایە، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای لوبنانی رایگەیاند، وڵاتەکەی قبووڵی ناکات "تەنانەت یەک مەتر" لە خاکەکەی لەدەست بدات.
سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان، کە باڵاترین کەسایەتیی سیاسیی شیعەیە لەو وڵاتە گوتی: "ئەگەر ئیسرائیل لەسەر داگیرکارییەکەی بەردەوام بێت، چ لە ناوچەکان بێت یان لە پێگە سەربازییەکان، ئەوا هەموو رۆژێک بۆنی بەرگری دەکەن." گوتیشی "مێژووی ئێمە گەواهیدەرە؛ ئەگەر سوور بن لەسەر مانەوە، رووبەڕووی بەرگری دەبنەوە.
بابەتی پەیوەندیدار
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست28/04/2026
سێنتکۆم: هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا کەشتییەکی بازرگانییان لە دەریای عەرەب پشکنی
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست28/04/2026
حەمید رەزا غوڵامزادە: بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارانە مامەڵەیان کردووە
"
ئەم لێدوانانەی بەری لە کاتێکدایە، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە بە نێوەندگیریی ئەمریکا، گەڕێکی نوێی گفتوگۆ لەسەر ئاستی باڵیۆزان لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان لە واشنتن بەڕێوەبچێت، بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
سەبارەت بە شێوازی گفتوگۆکانیش، نەبی بەری گوتی، هیچ پێویستییەک بە "گفتوگۆی راستەوخۆ" لەگەڵ ئیسرائیل ناکات و ئەو لایەنگری گفتوگۆی ناڕاستەوخۆیە، وەک چۆن لە ساڵانی رابردوودا لە چەندین گەڕی دانوستاندندا بەو شێوەیە بەشدار بووە.
جەنگی نێوان ئیسرائیل و لوبنان لە 2ـی ئاداری 2026ـەوە دەستیپێکرد، دوای ئەوەی حیزبوڵڵا لە تۆڵەی کوشتنی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەستی بە بۆردوومانکردنی ئیسرائیل کرد و لوبنانی پەلکێشی نێو جەنگەکە کرد.
