رووداو دیجیتاڵ
حیزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربەست لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، زنجیرەیەک هێرشیان کردووەتە سەر سێ سەنگەر و بنکەیەکی سەربازی لە باکووری ئیسرائیل.
حیزبوڵڵا لە چەند راگەیێندراوێکی جیاوازدا بەرپرسیارێتیی لانیکەم چوار هێرشی درۆنی بۆ سەر سەنگەری "شومێرا" گرتە ئەستۆ. گرووپەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، دوو سەنگەری دیکەیان لە شارۆچکەکانی باکووری ئیسرائیل و بنکەیەکی سەربازییان لە ناوچەی "مسگاف عام" بە ئامانج گرتووە.
بەپێی زانیارییەکانی حیزبوڵڵا، ئەم هێرشانە لە دەوروبەری نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە و لە ماوەیەکی کاتیی کورت و یەک لە دوای یەکدا کراون. حیزبوڵڵا دەڵێت، ئەم رێکارە سەربازییانەی وەک وەڵامێک بوون بۆ ئەوەی ناوی برد بە "پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی جوو" بۆ سەر مەرجەکانی ئاگربەست.
دوای هێرشەکانی دوێنێی حیزبوڵڵا بۆ سەر باکووری ئیسرائیل، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، فەرمانی بە سوپا کردووە هێرشەکانیان بۆ سەر ژێرخانی حیزبوڵڵا لە لوبنان فراوان و چڕبکەنەوە.
بە گوێرەی ئاژانسی نیشتمانیی هەواڵی لوبنان، دوای گوتەکانی نەتەنیاهوو، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی یەک لە دوای یەکی لە دۆڵی بیقاع لە رۆژهەڵاتی لوبنان کرد و لە ئەنجامدا سێ کەس کوژران و دووی دیکەش بریندار بوون.
ئەم هێرشانە دوای ئەوە هاتن، ئیسرائیل فەرمانی چۆڵکردنی بۆ 10 گوند دەرکرد و حیزبوڵڵای بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار کرد.
عەقید ئەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە پۆستێکی سۆشیاڵ میدیادا رایگەیاند: "لەبەر رۆشنایی پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربەست لە لایەن حیزبوڵڵاوە، هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل ناچارن بە هێزەوە لە دژی کار بکەن."
رۆژی 2ی ئادار، حیزبوڵڵا لە تۆڵەی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران لە هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیلدا هێرشێکی مووشەکی و درۆنی کردە سەر باکووری ئیسرائیل. دواتر ئەویش بە بۆردوومان و هێرشی زەوینی وەڵامیدایەوە.
رۆژی 17ی نیسان، لوبنان و ئیسرائیل بە نێوەندگیری ئەمریکا رێککەوتنی ئاگربەستیان کرد و بەردەوامیش حیزبوڵڵا پابەندبوونی تەواوەتی بەو ئاگربەستەوە رەتکردووەتەوە.
.jpg&w=3840&q=75)