رووداو دیجیتاڵ
لە کەناراوەکانی لیبیا زیاتر لە 400 کۆچبەر لە مەترسیی نقومبوون رزگارکران. باڵیۆزخانەی عێراق لەو وڵاتە رایدەگەیێنێت، بەدواداچوونی ورد دەکەن بۆ ئەوەی بزانن هیچ هاووڵاتییەکی عێراقییان تێدایە یان نا.
رۆژی پێنجشەممە، 23-04-2026، مانگی سووری لیبی لە شاری تەبروق رایگەیاند، پاسەوانی کەناراوەکانی سەر بە سوپای نیشتمانی توانیویانە 404 کۆچبەر رزگار بکەن. کۆچبەرەکان لەنێو 10 بەلەمی جیاوازدا بوون و لە ناوەڕاستی دەریادا رووبەڕووی مەترسیی نقومبوون بوونەوە.
پرۆسەی رزگارکردنەکە لە بەرامبەر کەناراوەکانی شاری تەبروق لە رۆژهەڵاتی لیبیا و نزیک سنوورەکانی میسر کراوە. خۆبەخشانی مانگی سوور فریاگوزاریی سەرەتایی، خواردن و بەتانییان پێشکەشی کۆچبەرەکان کردووە کە لە نەتەوە جیاوازەکان پێکهاتوون.
ئەحمەد سەحاف، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "بە گرنگییەکی زۆرەوە چاودێریی دۆخی ئەو کۆچبەرە نایاساییانە دەکەین کە بەم دواییانە رزگارکراون، بۆ ئەوەی بزانین ئایا هاووڵاتیی عێراقییان تێدایە یان نا.
بابەتی پەیوەندیدار
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست28/04/2026
سێنتکۆم: هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا کەشتییەکی بازرگانییان لە دەریای عەرەب پشکنی
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست28/04/2026
حەمید رەزا غوڵامزادە: بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارانە مامەڵەیان کردووە
"
ئەحمەد سەحاف راشیگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمییان لەبەردەستدا نییە کە هەبوونی هاووڵاتیی عێراقی لەنێو ئەو کۆچبەرە رزگارکراوانەدا پشتڕاست بکاتەوە.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM)، تەنیا لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2026دا، لانیکەم 375 کۆچبەر لە دەریادا گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون.
ئەم پڕۆسەی رزگارکردنەش دوای چەند رۆژێک لە کارەساتێکی دیکە دێت کە تێیدا 10 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا و 31ـی دیکەش بێسەروشوێن بوون.
ئامارەکانی پڕۆژەی "کۆچبەرە بێسەروشوێنەکان" دەریدەخەن کە لە ساڵی 2025دا، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە ناوەڕاستی دەریای ناوەڕاستدا بێسەروشوێن بوون، 1300 کەسی تێپەڕاندووە.
ساڵانە هەزاران کۆچبەر دەچنە لیبیا بۆ ئەوەی لەوێوە بە دەریادا بپەڕنەوە بۆ وڵاتانی ئەورووپا، بەڵام زۆربەی جار لە ناوەڕاستی رێگەکەدا رووبەڕووی قاچاخچێتی و مەترسیی گەورەی گیانی دەبنەوە.
