رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، بۆ وەرزی نوێی وەرگرتنی گەنمی ساڵی 2026، سیستمێکی نوێی ئەلیکترۆنی بۆ نۆرەگرتنی بارهەڵگرەکان پەیڕەو دەکرێت و هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ کراوە بۆ ئەوەی رێگری لە قەرەباڵخی بکرێت.
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 5ـی نیسانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لیژنەی ناوەندیی بەبازاڕکردن بە بەشداریی نوێنەرانی وەزارەتی کشتوکاڵ کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی وەرگرتنی گەنم، کە یەکێکە لە گرنگترین وەرزە کشتوکاڵییەکان و پەیوەندیی راستەوخۆی بە ئاسایشی خۆراکی عێراقەوە هەیە."
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی گوتی: "لەم وەرزەدا سیستمێکی نوێی نۆرەی پێشوەختە پەیڕەو دەکرێت بۆ رێکخستنی هاتنەناوەوەی بارهەڵگرەکان بۆ ناو سایلۆکان، ئەمەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی کاتی چاوەڕوانیی جووتیاران و رێگریکردن لەو قەرەباڵخییە زۆرەی لە ساڵانی رابردوودا دروست دەبوو."
هەروەها گوتیشی: "هەموو سایلۆ و کۆگاکان ئامادە دەکرێن و هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ کراوە بۆ خەمڵاندنی بڕی بەرهەمی ئەمساڵ، تاوەکو دڵنیابینەوە کە تەواوی گەنمی جووتیاران بەبێ گرفت وەردەگیرێت.
بابەتی پەیوەندیدار
"
بە گوتەی محەممەد حەنوون، ئەم رێکارە نوێیانە سوودی سەرەکییان دەبێت لە کەمکردنەوەی کاتی چاوەڕوانی لەبەردەم سایلۆکان، زامنکردنی وەرگرتنی گەنم بە شێوەیەکی رێکخراو و دادپەروەرانە، دوورکەوتنەوە لە قەرەباڵخیی وەرزەکانی پێشوو، هەروەها باشترکردنی بەڕێوەبردنی بڕی گەنم و پاراستنی لە تێکچوون.
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی جەختی لەوە کردەوە، سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە تەنیا بە پلانەکان نییە، بەڵکو پەیوەستە بە خێرایی خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیاران، دابینکردنی بودجەی پێویست و ئیدارەدانێکی مەیدانیی ورد بۆ شوێنەکانی وەرگرتن.
محەممەد حەنوون ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم وەرزە لەژێر چاودێری و پاڵپشتیی راستەوخۆی سەرۆکوەزیران و وەزیری بازرگانی عێراقدایە و وەزارەت هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ ئەوەی هیچ گرفتێک نەیەتە پێش جووتیاران.
