رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی گومرگی عێراق سیستمی کارکردنی 24 کاژێری بۆ سەرجەم بنکە گومرگییەکان کارا دەکات. بەڕێوەبەری دەستەکەش دەڵێت، ئامانج لێی بەهێزکردنی چاودێری و وردبینیی کارەکانە.
سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگەکانی عێراق، رۆژی دووشەممە 6ـی نیسانی2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سیستمی کارکردن بەدرێژایی 24 کاژێر لە تەواوی رۆژەکانی هەفتە، لە ژووری ئۆپەراسیۆنە گومرگییەکاندا چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرجەم بنکە گومرگییەکان دەگرێتەوە"
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ روونیکردەوە، ژووری ئۆپەراسیۆنەکان وەک ناوەندێکی پێشکەوتوو بۆ بەڕێوەبردن و بەدواداچوونی ئۆپەراسیۆنە گومرگییەکان بە شێوەیەکی سات بە سات کار دەکات.
گوتیشی: "ئەرکی سەرەکیی ئەم ناوەندە چاودێریی بەردەوام و وردبینیی دەستبەجێی رێکارەکانە، جگە لە کۆکردنەوە و شیکردنەوەی خێرای زانیارییەکان، کە یارمەتیدەر دەبێت لە وریایی و خێرایی لە بڕیارداندا.
بابەتی پەیوەندیدار
"
سەبارەت بە ئامانجی ئەم سیستمە نوێیە، سامر قاسم داود ئاماژەی بەوە کرد، ئەمە دەبێتە هۆی بەدیهێنانی بەرزترین ئاستی وردبینی و شەفافیەت، هەروەها رۆڵی دەبێت لە جێبەجێکردنی یاسا و رێنماییەکان و "پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و سەرپێچییەکان."
بە گوێرەی دەستەی گومرگەکانی عێراق، کارکردن بە شێوەی 24 کاژێری وەک هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ پەرەپێدانی چاودێری، کە دەبێتە هۆی باشترکردنی جۆری خزمەتگوزارییە گومرگییەکان و کەمکردنەوەی کاتی تەواوکردنی مامەڵەکان.
بەڕێوەبەری گشتی جەختی کردەوە کە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان دەبێتە ناوەندێکی سەرەکی بۆ بەستنەوەی سەرجەم بنکە گومرگییەکان پێکەوە، ئەمەش رۆڵی گومرگ لە پاڵپشتیکردنی ئابووریی نیشتمانی بەهێزتر دەکات.
