رووداو دیجیتاڵ
هەر پەرلەمانتارێکی عێراق، حەجکردنی بە دیاری پێدراوە، سەرپشک کراون لەوەی خۆیان دەچن یان کەسێکی دیکە دەنێرن. پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی ئەم ساڵ دەچنە حەج لە 100 ئەندام پەرلەمان زیاترە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێشتر هەر پەرلەمانتارێک دوو پشکی حەجی هەبوو بۆ ئەوەی کەسانی دیکەی پێ بنێرێت، بەڵام ئەم ساڵ تەنیا یەک بەش بۆ هەر پەرلەمانتارێک دیاریکراوە لە چوارچێوەی ئەوەی پێی دەگوترێت (حەجی موجامەلە)، کە سعودیە لە رێگەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە دابینی دەکات."
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، ئەگەر پەرلەمانتارەکە خۆی نەچێت، دەتوانێت کەسێک لەجیاتی خۆی دیاری بکات، بەڵام تەواوی تێچووی حەجەکە لە ئەستۆی پەرلەمانتارەکە یان ئەو کەسەیە کە دەچێت، نەک دەستەی حەج و عومرەی عێراق یان سعودیە.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی ئەم ساڵ فەریزەی حەج جێبەجێ دەکەن، شێروان دووبەردانی گومانی لەو ژمارە هەبوو کە باس لەوە دەکات تەنیا 29 پەرلەمانتار بن و گوتی، "پێموانییە ژمارەکە دروست بێت و زیاتر لە 100 پەرلەمانتار دەچنە حەج."
هیوا مەلائادەم، پەرلەمانتاری رەوتی هەڵوێست کە کەسێکی لەبری خۆی رەوانەی حەج کردووە، پێیوایە ژمارەکە زۆر زیاترە لەوەی باس دەکرێت و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "150 بۆ 160 پەرلەمانتار دەچنە حەج.
