رووداو دیجیتاڵ
ناکۆکیی نێوان لایەنە شیعەکان لەسەر وەزارەتە سیادییەکان، "مەرجەکانی ئەمریکا و ئێران" و پرسی هەژمارکردنی خاڵەکان بۆ پۆستەکان، لەمپەریان لەبەردەم راگەیاندنی کابینەکەی عەلی فالح زەیدی دروستکردووە. سەرۆکایەتیی پەرلەمان چاوەڕێی رێککەوتنی کۆتاییە و پێدەچێت لە چەند رۆژی داهاتوودا دانیشتن بۆ دەنگدان بکرێت.
عەقیل ردینی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ناکۆکیی سەرەکی لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر پۆستی وەزارەتەکانی نەوت، ناوخۆ و داراییە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر دابەشکردنی کۆی وەزارەتەکانی دیکە دەبێت، بەڵام بەم نزیکانە دەگەنە رێککەوتنی کۆتایی."
ردینی پێی وابوو، کێشە لەنێو کورد و سوننەکانیشدا ماوە، بەتایبەت لەنێوان حەلبووسی و سامەڕائی لەسەر میکانیزمی دابەشکردنی پۆستەکان.
لەبارەی رێککەوتنە نوێیەکانی نێوان شیعەکان، شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە کاتی بەشداری لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ دا رایگەیاند، لایەنە شیعەکان دواجار لەسەر دابەشکارییەکە گەیشتوونەتە رێککەوتن.
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی، "دەوڵەتی یاسا لە وەزارەتی نەوت سازشی کردووە، لە بەرامبەر وەرگرتنی وەزارەتەکانی ناوخۆ و خوێندنی باڵا. وەزارەتەکانی نەوت و کارەبا دەدرێنە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، دارایی و وەرزش و لاوان بۆ رەوتی حیکمە، جێگرێکی سەرۆکوەزیران بۆ هاوپەیمانیی ئەساس و وەزارەتی کار بۆ عەسائیب [ئەهلی حەق] دەبێت."
پشکی کورد و کێشەی خاڵبەندی
عەلی دیفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەتەکانی دەرەوە، ئاوەدانکردنەوە، داد و ژینگە بۆ کورد یەکلایی بوونەتەوە. بەگوتەی دیفاعی، "خالید شوانی بۆ وەزارەتی داد و سروە عەبدولواحید بۆ وەزارەتی ژینگە" بەربژێرن.
بەڵام شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێ، "وەزارەتەکانی دەرەوە و ئاوەدانکردنەوە لای پارتی دیموکراتی کوردستان دەمێننەوە. ناوی بەربژێرەکانیان دواتر بە فەرمی لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرا دەکرێت."
هاوکات سروە محەممەد، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی رایگەیاند، وەزارەتەکانی داد و ژینگە بۆ یەکێتییە و رەنگە پۆستێک بدرێتە نەوەی نوێ.
سەبارەت بە پشکی کورد، هەریەک لە رەوتی هەڵوێست، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری کە 10 کورسییان هەیە، داوای وەزارەتێک دەکەن. هیوا مەلائادەم، پەرلەمانتارێکی رەوتی هەڵوێست بە رووداوی گوت، "د.
