رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دڵنیایی دەدات لەوەی "هیچ مەترسییەک" لەلایەن ئێرانەوە بۆسەر هەرێمی کوردستان نییە؛ ئاماژە بەوەش دەدات کە حکومەتی عێراق رێگە نادات خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێندرێ.
رۆژی چوارشەممە، 13ی ئایاری 2026، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەگەڵ لایەنی ئێرانی گفتوگۆی وردمان کردووە و جەخت دەکەینەوە کە هیچ مەترسی و هەڕەشەیەک لەسەر هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی نییە."
رۆژی دووشەممە 11ی ئایاری 2026، لیژنەی باڵای ئەمنیی عێراق و ئێران بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای هەردوولا لە بەغدا کۆبووەوە. مژاری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات بوو.
لەبارەی پرسی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان و دۆسیەی ئەمنیی نێوان ئێران و وڵاتەکەی، قاسم ئەعرەجی گوتی، "کار دەکەین بۆ چارەسەرکردنیان لە رێگەی میکانیزم و رێکاری گونجاو کە سەقامگیریی ناوچەکە بپارێزێ.
