رووداو دیجیتاڵ
شاری ئووری گەشتیاریی عێراق، بەهۆی پەککەوتنی پڕۆژە ستراتیژییەکانی تووشی گرفت بووە و لەبەر نەبوونی بودجە کارکردن لە بەشێکی وەستاوە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارە گەشتیارییەکە دەڵێت، تاوەکو تەواوی پڕۆژە بیناسازییەکان تەواو نەبن، ناتوانرێت هەلی کار بۆ گەنجانی پارێزگای زیقار برەخسێنرێت.
رۆژی چوارشەممە 13ی ئایاری 2026، ماجد سەفاح، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شاری ئووری گەشتیاری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کارەکانی دروستکردنی (مۆزەخانەی جیهانیی ئوور) گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و نزیکەی 90%ی تەواو بووە، بەڵام کارکردن لە پڕۆژەی (شاری دراما) بە تەواوی وەستاوە، ئەوەش بەهۆی نەبوونی پارەی نەختینە و بودجەی پێویست."
ئەمە لەکاتێکدایە کە لە ئەیلوولی 2025دا، رێژەی تەواوبوونی ئەو پڕۆژانە 70% بوو و چاوەڕوان دەکرا تاوەکو ئێستا کارەکانی هەردوو پڕۆژەکە کۆتاییان هاتبێت.
سەبارەت بەو پڕۆژە ستراتیژییانەی کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بەردی بناخەیان بۆ دانرابوو، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەکە گوتی، "تاوەکو ئێستا دەست بە دروستکردنی هۆتێلە 7 ئەستێرەییەکە و مزگەوتی ناو شارەکە نەکراوە." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە 400 دۆنم زەوی بۆ فراوانکردنی شارەکە تەرخانکراوە، بەڵام هیچ کارێکی مەیدانی بۆ دروستکردنی بنکە گەشتیارییەکان تێدا ئەنجام نەدراوە.
