رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی پێنجشەممە پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە کابینەکەی عەلی فالح زەیدی کۆببێتەوە. پارتی، یەکێتی و نەوەی نوێ بڕیاری ئامادەبوونیان داوە، بەڵام سێ لایەنی دیکە کە خاوەنی 10 کورسین، مەرجیان هەیە.
بەگوێرەی بەرنامەی کاری سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کە 13ـی ئایاری 2026، بڵاوکرایەوە، دانیشتنەکە کاژێر 4:00ـی ئێوارەی پێنجشەممە دەستپێدەکات.
پارتی، یەکێتی و نەوەی نوێ بەشداریی دانیشتنەکە دەکەن
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بڕیاری بەشداریکردنی داوە. دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە سبەی بەشداری لە دانیشتنەکە بکەین و دەنگ بە کابینەکەی عەلی زەیدی دەدەین. بەپێی رێککەوتنیش بڕیارە پارتی هەردوو وەزارەتی دەرەوە و ئاوەدانکردنەوە وەربگرێ، بەڵام جارێ بەربژێرەکانمان بۆ دوو پۆستەکە دیاری نەکردوون."
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێش بەشداری دەکەن. هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "سبەی بەشداری دەکەین و دەنگ بە کابینەکە دەدەین؛" ئاماژەی بەوەش کرد کە رێککەوتوون وەزارەتی داد بۆ یەکێتی و ژینگە بۆ نەوەی نوێ بێ.
هەرێم کەمال ئاغا باسی لەوەشکرد، بەربژێریان بۆ وەزیری داد خالید شوانییە.
کوردەوان جەمال، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان زانیارییەکانی هەرێم کەمال ئاغای لەبارەی رێککەوتنەکەیان بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و گوتی: "بەشداری لە دانیشتنەکەدا دەکەین و دەنگ بە کابینەکە دەدەین، چونکە رێککەوتنمان لەگەڵ یەکێتی هەیە بۆ وەرگرتنی وەزارەتی ژینگە، بەربژێرمان بۆ وەزیری ژینگە سروە عەبدولواحیدە".
