رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی عێراق هۆشداری دەداتە شوفێران و ئەو کەسانەی هەستیاریی هەناسەدانیان هەیە لەبارەی شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین کە سبەی عێراق دەگرێتەوە؛ شارەزایەکی کەشناسیش دەڵێت، رۆژی شەممە کاریگەریی شەپۆلەکە بەسەر هەرێمی کوردستانەوە دەردەکەوێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سبەی هەینی عێراق رووبەڕووی شەپۆلێکی خۆڵبارین دەبێتەوە کە لە هەندێک ناوچەدا چڕییەکەی زۆر دەبێت."
بەگوتەی عامر جابری، ناوچەکانی رۆژئاوا، ناوەڕاست و باشووری رۆژئاوای عێراق دەکەونە ژێر کاریگەریی ئەم شەپۆلە و چڕییەکەی لەنێوان مامناوەند بۆ چڕ دەبێت.
سەبارەت بە هۆکاری دروستبوونی ئەم شەپۆلە، عامر جابری روونیکردەوە، بۆ هاتنی بارستەهەوایەکی مامناوەند دەگەڕێتەوە کە بایەکی چالاکی باکووری رۆژئاوای لەگەڵدایە و خێراییەکەی دەگاتە 50 تاوەکو 60 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا. ئاماژەی بەوەش کرد، کاریگەریی شەپۆلەکە لە ناوچە بیابانی و کراوەکاندا بەهێزتر دەبێت و مەودای بینین بۆ کەمتر لە یەک کیلۆمەتر کەمدەکاتەوە.
