رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر چەند بڕیارێکی لەبارەی دۆخی شاری کەربەلا دەرکرد و فەرمانی کرد بە کشاندنەوەی سەرجەم چەکەکان و گۆڕینی فەرماندە سەربازییەکانی سەرایا سەلام، ئەوەش دوای پێکدادانە چەکدارییەکانی شەوی رابردووی ئەو شارە.
بەگوێرەی نووسراوێک کە واژۆی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعەی لەسەرە و ئاراستەی (یاریدەدەری جیهادی)ی رەوتەکە کراوە، سەدر فەرمانی کردووە لە ماوەی پێنج رۆژدا، سەرجەم ئەو چەکانەی لە دەستی یەکە سەربازییەکان لە نێو شاری کەربەلا کۆبکرێنەوە و بکشێندرێنەوە.
لە نووسراوەکەی موقتەدا سەدر دا هاتووە، "دەبێت لە ماوەی مانگێکدا هێزەکانی (سەرایا سەلام) لە کەربەلا سەرلەنوێ رێکبخرێنەوە و سەرجەم فەرماندەکانی ئەو پارێزگایە بگۆڕدرێن." هەروەها فەرمانی کردووە، دەستبەسەر سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلانەدا بگیرێت کە لەلایەن ئەو کەسانەوە بەکارهێنراون کە بە "تاوانبارانی تێوەگلاو لە رووداوەکانی دوێنێ" ناوی بردوون.
بابەتی پەیوەندیدار
عێراق28/04/2026
عەلی زەیدی چۆن لەنێوان مالیکی و سوودانیدا هەڵبژێردرا؟
عێراق28/04/2026
لە بەغدا 13 ئۆتۆمبێل و چەکێکی زۆری 'ئەبو درع' دەستیان بەسەرداگیرا
ئەم هەڵوێستەی موقتەدا سەدر دوای ئەوە دێت کە شەوی رابردوو پێکدادانی چەکداری لە ناوچەی "حوور" لە نێوەڕاستی کەربەلا لە نێوان چەکدارانی سەرایا سەلام و گرووپێکی جیابووەوە لە سەرایا سەلام، بە ناوی (ئەزهەرییەکان) روویدا. بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی ئەمنی لە کەربەلا بۆ رووداو، لەو پێکدادانەدا "کەسێک کوژراوە و یەکێکی دیکەش بریندار بووە."
سەدر لە نووسراوەکەیدا بە تووندی هێرشی کردووەتە سەر تێوەگلاوانی رووداوەکە و رایگەیاندووە، "من تاوەکو رۆژی دوایی بەریی بوونی خۆم لێیان رادەگەیێنم، ئەوان تێرۆریست و دووژمنی ئیمام حوسێنن." هەروەها داوای کردووە لیستێک لە ناوی ئەو کەسانە ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێن و سزای تووندیان بەسەردا بسەپێنرێت، کە رەنگە بگاتە "سێدارە".
دوای رووداوەکەی شەوی رابردوو، فەرماندەیی سەرایا سەلام بڕیاری دا کارەکانی لە پارێزگای کەربەلا ەابگرێت و سەرجەم بارەگاکانی لەو شارەدا دابخات.
