رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، سکاڵایەکى لە دژى حکومەتى هەرێمى کوردستان رەتکردەوە، کە سەرۆکی فراکسیۆنی سادیقوون لە پەرلەمانی عێراق لەبارەى هەناردەی نەوتەوە تۆماری کردبوو.
ئەمڕۆ سێشەممە 28ی نیسانی 2026 دادگەی باڵای فیدراڵی یەکەم دانیشتنى لەبارەی ئەو سکاڵایەوە کرد، کە عودەی عەواد، سەرۆکی فراکسیۆنی سادیقوون لە پەرلەمانی عێراق، کە باڵی سیاسیی عەسائیبی ئەهلی حەقە، لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆماری کردبوو.
لە سکاڵاکەدا عودەی عەواد داوایکردووە مەرج و رێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رەزامەندی لەسەر هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە رێگەی بۆریی گواستنەوەی نەوت بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا بە نادروست بناسێنێت، کە بە خاکی هەرێمی کوردستان تێپەڕ دەبێت.
دادگەى فیدراڵى بڕیاری دا سکاڵاکە رەتبکاتەوە بە پاساوى ئەوەى سکاڵاکارەکە مافى نەیارى (خصومە) نییە لەو سکاڵایەدا.
بابەتی پەیوەندیدار
عێراق28/04/2026
عەلی زەیدی چۆن لەنێوان مالیکی و سوودانیدا هەڵبژێردرا؟
عێراق28/04/2026
لە بەغدا 13 ئۆتۆمبێل و چەکێکی زۆری 'ئەبو درع' دەستیان بەسەرداگیرا
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە دۆسیەکە بە رووداوى راگەیاند، عودەى عواد ئامادەى دانیشتنەکە نەبووە و پارێزەرەکەى ناردبوو، پاساوى دادگە بۆ رەتکردنەوەى سکاڵاکە ئەوە بووە کە سکاڵاکار هیچ بەرژەوەندی لە پێشکێشکردنى ئەو سکاڵایە نەبووە.
رەتکردنەوەى ئەو سکاڵایە لەدوای ئەوە بوو کە لە 18ی ئادارەوە هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە رێگەی ئەو بۆرییەوە دەستی پێکردووە، ئەوەش لەدوای ئەوەی هەولێر و بەغدا لەبارەیەوە گەیشتنە رێککەوتن.
ئێستا رۆژانە زیاتر لە 200 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆریی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا هەناردە دەکرێت وەک رێگەیەکی جێگرەوە بۆ راوەستانی هەناردەی نەوت لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە.
