رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق زنجیرەیەک رێنمایی ئاراستەی وەزیرەکانی کابینەکەی دەکات و داوایان لێدەکات هەموو جۆرە پاڵپشتی و ئاسانکارییەک بۆ سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو و حکومەتی داهاتوو بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 28-04-2026، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاند: "دوێنێ گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی توانی بەربژێری خۆی بۆ سەرۆکایەتی حکومەت دیاری بکات و فەرمانی راسپاردنی دەستووری لەلایەن سەرۆککۆمارەوە بۆ دەرچوو."
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەکەی، سوودانی سکرتارییەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی راسپارد کە لێژنەیەکی ناوەندی لەگەڵ هەموو وەزارەتەکان پێکبهێنێت بۆ ئامادەکردنی "دۆسیەی وەزاری" بۆ هەر وەزیرێک، تاوەکو رادەستی وەزیرە نوێیەکان بکرێ.
بابەتی پەیوەندیدار
عێراق28/04/2026
عەلی زەیدی چۆن لەنێوان مالیکی و سوودانیدا هەڵبژێردرا؟
عێراق28/04/2026
لە بەغدا 13 ئۆتۆمبێل و چەکێکی زۆری 'ئەبو درع' دەستیان بەسەرداگیرا
سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە وەزیرەکانی کرد، کورتەیەکی روون و ورد لەسەر کارەکانیان ئامادە بکەن کە یارمەتی وەزیرە نوێیەکان بدات بۆ ناسینی دۆسیە گرنگەکان، هەروەها هەڵسەنگاندنێکی "ئەمانەتدارانە و پیشەییانە" بۆ کارەکان و بەڕێوەبەرەکان پێشکێش بکەن.
سوودانی ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆسەی خزمەتکردنی وڵات و گەل و بنیاتنانی دەوڵەت لە سایەی ئەو ئاڵنگارییە مەترسیدارانەی رووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوە، بەردەوام دەبێت؛ گوتیشی: "قۆناخی داهاتوو پێویستی بە یەکخستنی هەوڵی هەمووانە بۆ ئەوەی خزمەتکردنی گەلەکەمان بەردەوام بێت."
ئەم رێنماییانەی سوودانی لە کاتێکدایە، دوێنێ عەلی فالح زەیدی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق راسپێردرا.
