رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە 16ـی 5 مانگی 2026، بەرپرسانی باڵای فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا) و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران لە شاری ئیستەنبووڵ کۆببنەوە، بۆ تاوتێکردنی پرسی بەشداریی هەڵبژاردەی ئێران لە مۆندیالی 2026 کە بڕیارە لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەبچێت.
بەگوێرەی راپۆرتە وەرزشییەکان، ماتیاس گرافسترۆم، سکرتێری گشتیی فیفا، لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی دڵنیاییان پێبدات سەبارەت بەئاسانکارییەکانی هاتنە ناوەوەی شاندی ئێران بۆ نێو خاکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
ئێران لە قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالدا، هەر سێ یارییەکەی لەنێو خاکی ئەمریکا ئەنجام دەدات. بەهۆی پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان تاران و واشنتن، گومانێکی زۆر لەسەر چۆنیەتی بەشداریی ئێران لەم پاڵەوانێتییەدا هەبووە، کە لە 11ـی مانگی 6 دەستپێدەکات و
تاوەکو 19ـی مانگی 7 بەردەوام دەبێت.
ئەم گومانانە کاتێک زیاتربوون کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا، مەهدی تاج، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران، رێگری لێکرا بچێتە نێو خاکی کەنەدا بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی فیفا لە شاری ڤانکۆڤەر.
هەڵوێستی تاران: مۆندیال مافی ئێمەیە
کازم غەریب ئابادی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی، لە پۆستێکدا رایگەیاند "ئەرکی فیفایە گەرەنتی هاتنی هەموو تیپەکان و شاندەکانیان بۆ وڵاتی میواندار بکات".
