رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای ئیمپایەر ئینتەرتەینمێنت، مافی بڵاوکردنەوەی فیلمی سینەمایی (ئەگەر ژنێک بتکوژێت، بەهەشت نابینی) (No Paradise If You Are Killed by a Woman)ـی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا کڕی. بڕیارە فیلمەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە 16 وڵات و هەرێمی کوردستان نمایش بکرێت.
زانیاریی لەبارەی فیلمەکە
فیلمەکە، کە لە نووسین و دەرهێنانی دەرهێنەری کورد، هەڵکەوت مستەفایە کە چیرۆکی کچە نیشانشکێنێکی پێشمەرگە دەگێڕێتەوە کە بە نهێنی دەڕواتە نێو داعش لە مووسڵ، بۆ رزگارکردنی خوشکە بچووکەکەی.
خانمە ئەکتەری کورد (ئاڤان جەمال) و ئەکتەری نەرویجی (تۆربیان هار) رۆڵی سەرەکیی تێدا دەگێڕن. هەڵکەوت مستەفا بە رووداوی گوت: فیلمەکە بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی نەرویج، سوێد، فەرەنسا، ئەمریکا، ئیمارات و هەرێمی کوردستانە.
هەڵکەوت مستەفا، ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، فیلمەکە وێنەیەکی شیعریی ژنە پێشمەرگەیەک دەگێڕێتەوە کە رەتی دەکاتەوە "لەبەردەم تاریکیدا سەر دابنەوێنێت". بۆ ئەم بەرهەمە، لەگەڵ چەندین ژن گفتوگۆ و دیداری کردووە.
دوای پێشوازیی گەرمی فیلمی دۆکیۆمێنتاریی پێشووی هەڵکەوت مستەفا (شاردنەوەی سەدام حوسێن)، کە بە پڕبینەرترین فیلمی دۆکیۆمێنتاریی مێژووی بۆکس ئۆفیسی عەرەبی دانراوە، ئێستا ئیمپایەر ئینتەرتەینمێنت پلانی بۆ نمایشێکی بەرفراوانی فیلمە نوێیەکەشی دادەنێت.
کۆمپانیای ئیمپایەر ئینتەرتەینمێنت یەکێکە لە گەورەترین، کۆنترین و ناسراوترین کۆمپانیاکانی کات بەسەربردن، پێشاندان و دابەشکردنی فیلم لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا.
