رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوبەرایەتیی گشتیی کارەبای گەرمیان رایدەگەیێنێت، لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا پڕۆژەی کارەبای 24 کاژێری (پڕۆژەی رووناکی) لە سنووری گەرمیان دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە و بەهۆیەوە نزیکەی 200 موەلیدەی ئەهلی دەکوژێنەوە.
ئالان ئەرکان، گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتیی کارەبای گەرمیان لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی 'مژار'ی رادیۆی رووداو رایگەیاند، "مانگێکە کارە تەکنیکییەکان بەردەوامن. سنووری گەرمیان دابەشکراوە بەسەر پێنج زۆندا، کارەکانی سێ زۆن بە تەواوی کۆتایی هاتووە و لە مانگی شەشەدا (حوزەیران) کارەبای نیشتمانی لە گەرمیان دەبێتە 24 کاژێری."
دابەشبوونی زۆنەکان و دۆخی پێوەرە زیرەکەکان
سەبارەت بە شێوازی دابەشبوونی زۆنەکانی کارەبا لە گەرمیان، گوتەبێژی کارەبای گەرمیان رایگەیاند:
• زۆنی 1 و 2: قەزای کەلار (ناوەندی ئیدارەی گەرمیان) دەگرێتەوە و کارەکانی تەواو بووە.
• زۆنی 3: قەزای رزگاری دەگرێتەوە و 95%ـی کارەکانی تەواو بووە.
• زۆنی 4: قەزای کفری دەگرێتەوە و لە قۆناخی داهاتوودا کارکردن تێیدا دەستپێدەکات.
• زۆنی 5: تایبەتە بە ناحیە و گوندەکانی دەوروبەر.
کۆی گشتی هاوبەشانی کارەبا لە سنووری ئیدارەی گەرمیان 87 هەزار و 373 هاوبەشن، کە نزیکەی 60% بۆ 70%یان لە قەزای کەلارن.
سەبارەت بە بەستنی پێوەری زیرەک، کە مەرجێکی سەرەکیی پڕۆژەکەیە، ئالان ئەرکان گوتی، "90% بۆ 95%ی هاوبەشانی گەرمیان پێوەری زیرەکیان بۆ بەستراوە، تەنیا چەند گوندێک ماون کە پێوەریان بۆ نەبەستراوە.
