رووداو دیجیتاڵ
تۆپی پێ لە باکووری کوردستان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا گۆڕانکارییەکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و رۆژ لەدوای رۆژیش لە پێشکەوتنێکی زیاتردایە، ئەوەی لەم وەرزەدا لە خولە جیاوازەکانی تورکیادا دەبینین، دەرخەری ئەم قسەیەی منن.
لە خولی پلەیەکی تورکیا، یانەی ئامەدسپۆر و وان سپۆر دوو یانەی باکووری کوردستانن و رکابەری دەکەن. لە خولی پلە دووی تورکیا یانەی باتمان پەترۆلسپۆر تەنیا یەک هەنگاوی ماوە بۆ ئەوەی نازناوەکە بباتەوە و بۆ یەکەمجار دوای زیاتر لە 26 ساڵ ببێتە پاڵەوان و بگاتە خولی پلەیەک. لە خولی پلەسێی تورکیا، یانەی بینگۆل پلەی یەکەمی کۆمەڵەی دووەمی بەدەستهێنا و بووە پاڵەوان، ئەو یانەیەش وەرزی داهاتوو لە خولی پلەدوو یاریی دەکات.
لەگەڵ ئەم یانانەدا یانەی موش سپۆریش هەیە، لە خولی پلەدووی تورکیا یاریی دەکات و لە پلەی چوارەمی ریزبەندە، ئەو یانەیەش رکابەری دەکات بۆ ئەوەی بگاتە خولی پلەیەکی تورکیا.
ئەوەی مەبەستمە لەم وتارەدا سەرنجی ئێوەی بۆ رابکێشم، ئەوەیە کە ئێستا لە باکووری کوردستان، هەمووان بە هاندەر و وەرزشڤانانەوە، بە یانەکانی باکووری کوردستانیشەوە وەکو برا گەورە سەیری ئامەدسپۆر دەکەن و هەمووان پێیانوایە ئامەدسپۆر نوێنەرێکی راستەقینەی وەرزش و تۆپی پێی کوردستانە لە خولەکانی تورکیادا.
ئەمەی بۆ ئامەدسپۆر لە باکووری کوردستان دەکرێت، لە خۆوە دروست نەبووە، لە ماوەی 53 ساڵی دامەزرانیدا بە کات و بارودۆخێکی جیاواز و زەحمەتدا تێپەڕیوە، یانەکە لە 1972 وەک تیپێکی میللی دەرکەوت، دوای ئەوە لە 1994 گۆڕانکارییەکی گەورەی بەخۆیەوە بینی و ئیدی وەک یانەیەکی فەرمی دەرکەوت و لە خولی پلەسێ یاریی دەکرد.
ئامەدسپۆر لە 2024 گەیشتە لووتکەی ئاستی خۆی و خۆی گەیاندە خولی پلەیەک، کاتێک نازناوی کۆمەڵەی سووری لە خولی پلەدوو بردەوە، ئەوە بووە سەرەتای گۆڕانکارییەکی گەورە و دروستکردنی پێگەیەکی گەورەتری یانەکە.
ئامەدسپۆر ئێستا تەنیا وەک یانەیەکی وەرزشی دەرناکەوێت، بەڵکو خەریکە دەبێتە ناسنامەیەک بۆ کورد لە تۆپی پێی ئەورووپادا، بەو پێیەی یانەکە رۆژ لە دوای رۆژ لە پێشکەوتنی زیاتردایە و هاندەری زیاتری لێ کۆدەبێتەوە.
کەسک و سوور، ئێستا لە خولی پلەیەکە، بەڵام رکابەری یانە گەورەکانی وەک گاڵاتەسەرای، فێنارباخچە، بێشکتاش و ترابزۆن سپۆر دەکات و پێنجەم نێودارترین یانەیە لەڕووی هاندەرانەوە و رۆژ لە دوای رۆژیشەوە ژمارەی هاندەرانی زیاتر دەبن.
ئەو ئاڵنگارییانەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان رووبەڕووی دەبنەوە، سزادان و رێگریکردن لە هاندەرانی یانەکە کاتێک دەچنە یاریگەیەکی دەرەوەی ئامەدسپۆر، کۆبوونەوەی هاندەران لەبەردەم شوێنی مانەوەی یاریزانانی ئامەدسپۆر و بێزارکردنیان، بەکارهێنانی رەگەزپەرستی لە دژی یانەکە، نەک ئامەدسپۆری لە رکابەریکردن سارد نەکردووەتەوە، بەڵکو یانەکەی خۆشەویستتر کردووە و نێوبانگیشی زیاتر کردووە.
ئێستا ئامەدسپۆر لەسەر ئاستی هەموو جیهان نێوبانگی خۆی هەیە، ئەوەتا هاندەران کاتێک قسە بۆ رووداو دەکەن، هەریەکە و لە شارێکی باکووری کوردستانەوە چووەتە ئامەد، هەیە لە کەنەدا، لە ئەڵمانیا، لە نەرویج و وڵاتەکانی دیکەوە بۆ یارییەکانی ئامەدسپۆر دەچنە باکووری کوردستان.
