رووداو دیجیتاڵ
یانەی هەولێر لە یەکەم یاریی بە ئامادەبوونی هاندەرانی دوای دابڕانێکی 75 رۆژی، نەیتوانی پارێزگاری لە پێشکەوتنی بە دوو گۆڵ بکات و بەرامبەر یانەی مووسڵ بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەکیان یەکسانبوو.
دوای دابڕانێکی درێژ کە 75 رۆژی خایاند و هاندەران بەهۆی ناهەمواری بارودۆخی ناوچەکەوە نەدەتوانرا لە یاریگە ئامادەبن، جارێکی دیکە جۆش و خرۆشی وەرزشی بۆ یاریگەی فرانسۆ هەریری گەڕایەوە. لە یارییەکی گەڕی 28ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر میوانداری یانەی موسڵی کرد و یارییەکە بە سیناریۆیەکی چاوەڕواننەکراو کۆتاییهات.
هەولێر یارییەکەی بە بەهێزی دەستپێکرد. تەنیا 3 خولەک بەسەر فیکەی دەستپێک تێپەڕیبوو، شێرزوود تێمیرۆڤ بە پاسێکی جوانی کریستۆڤەر جۆن گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد.
بابەتی پەیوەندیدار
هێرشەکانی خاوەن ماڵ بەردەوام بوون تاوەکو لە خولەکی 26 ناوبژیوان پەنای بۆ گەڕایەوە ڤار و لێدانی سزای بۆ هەولێر هەژمارکرد. شێرزوود تێمیرۆڤ لە خولەکی 28 گۆڵی دووەمی خۆی و یانەکەی تۆمارکرد و نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی قەڵا و منارە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر کۆتاییهات.
لە نیوەی دووەمدا پلانەکان گۆڕان و یانەی موسڵ گەڕایەوە نێو کەشی یارییەکە. لە خولەکی 68 ئەکرەم رەحیم ناجی جیاوازییەکەی کەمکردەوە و گۆڵی یەکەمی موسڵی تۆمارکرد. ئەم گۆڵە گوشارێکی زۆری خستە سەر هێڵی بەرگری هەولێر. لە خولەکی 74 سێدریک نگا گۆڵی یەکسانبوونی بۆ موسڵ تۆمارکرد و بێدەنگییەکی ناخۆشی خستە نێو یاریگەکە.
هەولێر دوو خاڵی گرنگی لەنێو یاریگەی خۆی و لەبەردەم هاندەرانی لەدەستدا. یانەکە بەم ئەنجامە کۆی خاڵەکانی بۆ 45 خاڵ بەرزکردەوە و ئێستا لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە.
